ئوردن کەوتووەتە ژێر باری قەرزەوە

قەرزی گشتی لەسەر وڵاتەکەی زیاد کردووە

K24 – هه‌ولێر:

ئوردن کرێی کارمەندان لە کەرتی گشتی بەرزدەکاتەوە و بەو هەوڵەش دەیەوێت داهاتی حکوومی بەرزبکاتەوە لە کاتێکدا قەرزی گشتی لەسەر وڵاتەکە زیادیکردووە.

عومەر رەزاز سەرۆک وەزیرانی ئوردن رایگەیاند، ئەو بڕیارەی حکوومەت 700 هەزار کارمەند و خانەنشین و هاووڵاتیانی مەدەنی و سەربازی لە خۆدەگرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دارایی وڵات لە ژێر گوشاردایە.

رەزاز لە بەردەم ژمارەیەک بەرپرسان و کەسانی دیاری وڵاتەکەی رایگەیاند، ئابووری وڵات و ئەو دۆخە تایبەتەی ئوردن و وڵاتانی دەوروبەر پێیدا تێپەڕ دەبن، پێویستی بەوەیە ئاستی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان باشتر بێت.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا دەبێت حکوومەت ئەوە بزانێت کە نابێت دەست بۆ سەپاندنی باجی نوێ ببات، بە تایبەت ئەو ناڕەزایەتییانەی لە وڵاتانی دەوروبەر بەڕێوەدەچێت کە هۆکارکەی گەندەڵی و خراپبوونی گوزەرانی خەڵکە.

زیادەی باج لە ساڵانی رابردوو دەگەڕێتەوە بۆ داواکارییەکانی سندووقی نەختینەیی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو قەرزەی بە ئوردنی دابوو.

قەرزی گشتی ئوردن بۆ 40 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، کە ئەوەش بەراورد بە کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکە دەکات 94%، کە هۆکارە بۆ ئەوەی حکوومەت لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی داواکارییەکانی سندووقی نەختینەیی نێودەوڵەتی جێبەجێبکات.

بەرپرسان دەڵێن دوای سەردانی شاندێکی سندووقی نەختیەیی نێودەوڵەتی لە مانگی رابردوو بۆ ئوردن،و جارێکی دیکە سەردانی کردنیانلە سەرەتای ساڵی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی پڕۆگرامی چاکسازی، وای لە حکوومەت کردووە ترسی لە خەرجی زۆر هەبێت.

هاوکات ئاماژەیان بەوەشدا تەرکیزی عەممان لەسەر کارکردنە لەسەر بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری، کە لە دە ساڵی رابردوودا بەرێژەی 2% دابەزیووە ، و هەروەها کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری کە لە دوو ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی گەورە بۆ 19%  بەرزبووەتەوە.

هاوکات بەرپرسانی ئوردن دەشڵێن وڵاتەکە لەگەڵ سندووقی نەختینەیی نێودەوڵەتی لە کارکردندایە بۆ ئەوەی خۆی بە دوور بگرێت لە رێوشوینی زیاتری سیاسەتی سک هەڵگووشین کە مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری و ناڕەزایی ناوخۆیی.

H.J