ترسم ھەیە خوێنی زۆر لە شەقامەكانی عێراق بڕژێت

مەلا بەختیار:
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ھەڤپەیڤینێكی كوردستان24 رایگەیاند "ترسم لەوە نییە جارێكی دیكە لە عێراق دیكتاتۆریەت بگەڕێتەوە، بەڵام ترسم ھەیە خوێنی زۆر لە شەقامەكانی عێراق بڕژێت".

كوردستان24: پێتوایە گۆڕانكارییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق بەتایبەتی بەرەو كوێ دەڕوات؟

مەلا بەختیار: عێراق و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە سەد ساڵی رابردووەوە دووچاری قەیران بوونەتەوە و نەیانتوانیوە لێی دەربازبن، ئەمەش بەھۆی بیركردنەوەی حكوومەت و حزب و ئایدۆلۆژیاكان و ھەژموونی مەزھەب و ئایین و ناسیۆنالیزمی دواكەوتوو، ئەمانە ھەمووی چڕبوونەتەوە لە چۆنیەتی حوكمڕانی و سیستمی دەوڵەتەكان، لە دۆخەكانی پێشتر ئەم دۆخە تێدەپەڕی، بەڵام ئێستا دۆخێكی دیكە ھاتووەتە پێشەوە، كە دونیای جیھانگیری و سۆشیال میدیایە، یەكەم شت كە گۆڕیویەتی ھاوكێشەكانی كۆمەڵایەتییە، بیركردنەوەی كۆمەڵایەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نەوەیەكی تازەی تێدا دروست بووە، ئەمە ئەو نەوەیە نییە كە حكوومەتەكان توانیویانە بە كودەتا و ستەمكاریی و سەركوتكردن بێت، ئیدارەی خۆیان بدەن. وەك چۆن نەوەیەك لە خۆپیشاندانەكانی فەرەنسا توانیان تەواوی بیركردنەوەكانی ئەو وڵاتە بگۆڕن، ئەم نەوەیەش تەواوی بیركردنەوەكان دەگۆڕێت، حزبەكان قبووڵیان بێت یان نا، كەواتا ئێستا ئێمە لە ھەموو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانكاریی داین، شەو دەخەوین بەیانی ھەڵدەستین لە وڵاتێك خۆپیشاندانە، جاران 20 ساڵ چاوەڕێ دەكرا تا شتێكی وا رووبدات، ئێستا بە 20 رۆژ روودەدات، من گەشبینم بەوەی كە ئەم نەوەیە سوورە لەسەر داواكانیان و حزب و حكوومەتەكانیش تێگەیشتوون كە ناتوانن وەك جاران چنگ گیر بكەن لە ھەناسە و ھەڵوێستی خەڵك، ئەوەتا حكوومەت دوای حكوومەت پاشەكشە دەكات، ھەندێك شت كە 10 ساڵە لە پەرلەمانی عێراق نەگۆڕاوە ئێستا بە 20 خولەك گۆڕدرا، بێگومان لەژێر كاریگەری ئەم نەوەیە گۆڕدرا، بە دڵخوازی خۆیان نەیانگۆڕی، ئێستاش لە ترسی شەقام نەبێت دەگەڕێنەوە بۆ عەقڵیەتی رابردوویان".

كوردستان24: بە بڕوای جەنابت لە گۆڕانكارییەكان عێراق دەبێتە ئەو عێراقەی كورد زۆربەی مافەكانی خۆی بە دەستبێنێ، بەتایبەتی ئێستا كە باس لە ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق دەكرێت؟

مەلا بەختیار: ھیوادارم وابێت، بەڵام گومانم ھەیە ئەوەببێت. چونكە ئەو وەرچەرخانە كۆمەڵایەتیی و بنەڕەتییە لە ژێرخانی ئابووری و سیستمی سیاسی ئەم وڵاتە ھێشتا زۆری ماوە، تا بتوانین قەزاوەتی تێدا بكەین و دڵنیابین لە بەدیھێنانی مافی ھاووڵاتیی بوون و دیموكراسی. لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا حكوومەتەكان بێباكن لە ئەنجامدانی راپرسی، چونكە لە دەسكەوتە دیموكراسییەكانی خۆیان دڵنیان. دڵنیان ئەوەی بە دەستیان ھێناوە بای ئەوەیە كە لە راپرسی نەیدۆڕێنن، حكوومەتەكانی ئەم ناوچەیە لەبەر ئەوە دڵنیانین لەوەی ھەرچی كردوویانە خەڵك لێی رازی بێت، دڵنیان سیاسەتەكانیان قبووڵ ناكرێت، بۆیە لە ھەموو پرۆسەیەكی دیموكراسی دەترسن. تائێستا زیاتر لە 230 كەس لە خۆپیشاندانەكانی عێراق كوژراون و 16 ھەزار كەس بریندارە، ھیچ پڕۆژەیەكی چارەسەری گشتی لایەنەكان نابینم لە عێراق ھەبێت".

كوردستان24: ئەگەر عێراق لەم نیمچە دیموكراسیەی كە ھەیە پاشەكشەی كرد، نوخبەی سیاسی كورد چ بڕیارێك بدات و ئەتوانێ چی بكات؟

مەلا بەختیار: من ترسم لەوە نییە عێراق بە دڵی خۆی بگەڕێتەوە بۆ دیكتاتۆریەت، بەڵام ترسم ھەیە لەسەر شەقامەكان خوێنێكی زۆر بڕژێت، ترسم لەوەیە سیاسەتی سەركوتكردن زاڵ بێت، چونكە لانی كەم لەم 10 ھەزار پارچە چەك لەناو خەڵك ھەیە و ھێزی چەكدار و خاوەن فكر و ئایدیۆلۆژیای جیاجیا لەم وڵاتە ھەیە، لە تەقینەوەیەكدا دەیان ھەزار كەس تیا دەچێت، بەڵام ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانەش خەفە بكەن حكوومەتی عێراق ناتوانێ ببێتە دیكتاتۆر".

كوردستان24: كورد ریفراندۆمی كرد بۆ سەربەخۆیی، ئێستا لە قۆناغێكی دیكە دایە، پێتوایە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق بەرەو كوێ دەڕوات؟

مەلا بەختیار: "كەموكوڕی دەبینم لە چۆنیەتی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا، 9 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر جێبەجێ نەكردنی مادەی 140، نەدەبوو ئێستا بە خاوە خاو بچینە بەغدا گفتوگۆ بكەین، نەدەبوو بەمشێوەیە بە مافە داراییەكانمان رازی بین،  بۆچی ئێمە نابێت لە چوارچێوەی پڕۆژەیەك داوای قەرەبووی ئەنفالكراوان بكەینەوە؟ بۆ ناتوانین داوای قەرەبوو بۆ ناوچە كیمیاباران كراوەكان بكەینەوە، پێویست ناكات چیتر دان بەخۆدا بگرین، كوێت 600 ھاووڵاتی دیار نەماوە ئێستا داوای قەرەبوو لە عێراق دەكاتەوە، بۆچی ئاسایی بێت لە یەك گوندی كوردستان 600 كەس بێسەروشوێن بێت، قەرەبووی كورد بە دەیان ملیار دۆلارە ئەگەر داوای بكەین، بۆچی لەناوەندە نێودەوڵەتییەكان داوای قەرەبوو ناكەینەوە و ئەم پرسە ناكەینە بابەتی سەرەكی لە پەرلەمانی عێراق، تەنھا داوای ئەوە دەكەین كە بودجەمان دەدەنێ یان نا، بەشی زۆری بودجەی كە پێشمان دەدەن داھاتی نەوتی كوردستانە، كاتی ئەوە ھاتووە گۆڕانكاری لە ستراتیژی دانووستان بكرێت لەگەڵ عێراق".

كوردستان24: چاوەڕێ دەكەی لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی گۆڕانكاریی بكرێت. بەرنامەی تۆ بۆ كۆنگرە چییە؟

مەلا بەختیار: "من پڕۆژەیەكم بۆ كۆنگرە پێشكەش كردووە، كە وەك ھەوێنە بۆ ئەوەی ھەندێك بڕیاری باش بمێینێ لە كۆنگرە. ئێستا قۆناغی یەكەمی كۆنگرە تەواو بووە، ھیوادارین كۆنفرانسی مەڵبەندەكانیش بە كەمترین كێشە تێپەڕێت. دەمەوێت بڵێم لە كۆنگرە لەگەڵ گۆڕانكاریم، دواتر لەگەڵ لێكتێگەیشتنم، بەڵام لەگەڵ ھیچ جۆرە تەوافقێك نیم لەناو كۆنگرە بیسەپێنن، جا لەبارە كەسێك بێ یان لیست و كوتلەیەك بێت. لەگەڵ ئەوە نیم ناكۆكییەكان زاڵ كەینەوە لەگەڵ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانم. رێكخستنەكانی خوارەوە دێنە ناو كۆنگرە، ھەموومان لە ئاوێنەی وێژدانی ئەندامانی كۆنگرە دیارین كەس ناتوانێ خۆی بشارێتەوە، 9 ساڵە وادەی كۆنگرە تێپەڕیوە رۆژانە سیاسەت و مومارەسەمان ھەبووە و لەسەر تەلەڤزیۆن و لە كۆنگرە بووینە ھەموویان باش دەمانناسن، پێم وایە ئەندامانی كۆنگرە بێویژدانی بەرامبەر كەسمان ناكەن. لە نێوان دوو ھەڵبژاردن تەنیا لە سلێمانی 90 ھەزار دەنگمان كەمكردووە، لە پایتەختی كوردستان 900 ھەزار ھاووڵاتی ھەیە 25 ھەزار دەنگمان ھێناوە، خانەقین قەزایە دەنگی زیاترمان لەوێ زیاتر ھێناوە، دەبێ ھەموو ھۆكارەكان بدۆزینەوە و كۆنگرەی گۆڕانكاری بێت و دەبێ یەكێتی ئومێد و خۆشی بداتەوە بە كوسوكاری شەھیدان و پێشمەرگە و كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی، شەقام لە ئێمە تۆراوە و دەتوانین ئاشی بكەینەوە، بەڵام كۆنگرەكە سەركەوتووبێت، بۆ ئاشكردنەوەی شەقام دەبێ گۆڕانكاری بكرێت، بەڵام ئەگەر بە پینەوپەڕۆ كۆنگرە بەڕێوەببەین و پاساو بۆ كەس و تەكەتول و ھەڵەكان بێنینەوە، كۆنگرەی بەمشێوەیە زەرەر بە یەكێتی دەگەیەنێت".

 ھ.م