دوو خووشك دوای 15 مانگ لێك جیاكرانەوە

لەلایەن تیمێکی 20 کەسی پزیشکییەوە نەشتەرگەرییەكە ئەنجامدرا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دووانەیەکی 15 مانگان لە ئوستراڵیا، لەلایەن تیمێکی 20 کەسی پزیشکییەوە لێك جیا کرانەوە. هەر دوو خوشکەکە کە بەشێكی جەستەیان بەیەکەوە لکا بوو، پاش نەشتەرگەری لێک جیا کرانەوە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكی دان.

نیما و داوا لە سینگ و سگەوە بەیەکەوە لکابوون. لە وڵاتی خۆیان، لە شانشینی بوتان لە قەدپاڵ چیاکانی هیمالایادا، پزیشکەکان بای پێویست شارەزاییان لەم جۆرە نەشتەرگەرییانە نەبوو. هەر بۆیە بە یارمەتیی دەزگایەکی خێرخوازی بە ناوی چیڵدرن فێرست، لەگەڵ دایکیان هێنراونەتە مێلبۆرن.

لە ئوستراڵیا نەشتەرگەرییەکەیان تا مانگێک دوا کەوت بۆ ئەوەی تیمی پزیشکی لەوە دڵنیا بێتەوە کە جەستەی دووانەکە بە خواردنێکی باش بەهێز دەبێت و بەرگەی نەشتەرگەریییەکە دەگرێت. بیست پزیشك و تەکنیکاری ژووری نەشتەرگەری کاریان لەسەر جەستەی ئەم دوو خوشکە کرد کە تەنیا جەرگیان هاوبەش بوو و رێخۆڵەکانیشیان هەرچەندە لێك گرێدرابوون، بەڵام جیا بوون.

پاش شەش کاتژمێر نەشتەرگەری توانرا جەستەی هەر دوو خوشکەکە لێک جیا بکرێنەوە. بە گوتەی پزیشکەکان دووانەکە بۆ نەشتەرگەرییەکە زۆر ئامادە بوون، بۆیە پرۆسەکە زۆر بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا و ئێستا هەر دوو کچەکە بە جەستەیەکی سەربەخۆ لە تەنیشت یەکتری بۆماوەی 48 کاتژمێر لەژێر چاودێرییەکی ورددان، بەڵام دوای ئەم ماوەیە هەر یەکەیان دەست بە ژیانێکی سەربەخۆ دەکات.