چوار رێنمایی زانستی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی خۆشەویستی تەندروست

زانست لەبارەی پەیوەندییە سۆزدارییەکان چی دەڵێت؟

K24 – هه‌ولێر:

کاتێک باس لە پەیوەندی خۆشەویستی و سۆزداریی دەکەین، خێرا قۆناغە سەرەتاکانی خۆشەویستیمان دەکەوێتە یاد، بەڵام هەر ئەوەندەی دەچینە ناو راستی وردەکارییەکانی ژیان، ناکۆکیی و دڵشکانەکان دەستپێدەکەن.

زۆر توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەوە کراون کە چۆن دوو کەس بتوانن لەگەڵ جەنجاڵی و ئاڵۆزییەکانی ژیان هەڵبکەن و پەیوەندییەکەیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.

زانستی خۆشەویستی و پەیوەندییەکان، چەندین بنەمای هەیە کە هەندێکیان سانا و روونن، بەڵام هەندێکیان پەیڕەوکردنیان هێند ئاسان نییە، رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بە هاوکاری چەند شارەزا و پسپۆڕ چەند بنەمایەکی دیاری کردووە کە گرنگن بۆ مانەوەمان بە بەختەوەریی لە پەیوەندییەکانمان.

گوێ لە مێشکت بگرە نەک تەنها دڵت

هێلین فیشەر، مرۆڤناس و ئەندامی باڵای پەیمانگای کینسێی، لە رووی بایەلۆژیەوە باس لە پەیوەندی دڵ و مێشک دەکات.

چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی نیۆرۆ کیمیایی مێشک روودەدەن کاتێک کەسێک لە پەیوەندییەکەیدا دڵخۆشە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەو کەسە زیاتر حەز بە گۆڕینەوەی سۆز و خۆشەویستی بکات، زیاتر کۆنتڕۆڵی هەست و فشارەکان بکات و بە ئەرێنی سەیری کەسی بەرامبەر بکات.

لە پەیوەندی تەندروستدا، کەسەکان هەوڵدەدەن لە بۆچوونی یەکتر تێبگەن وەک لەوەی بیسەلمێنن کە کامیان راستن.

فیشەر دەڵێت کاتێک تووڕە دەبیت، دەمت دابخە و بڕۆ وەرزش بکە، کتێب بخوێنەوە یاری لەگەڵ هاوڕێ یان سەگەکەت بکە. بەم تەکنیکە دەگووترێت: "وەهمی ئەرێنی" و وات لێدەکات نەکەویتە ناو ئەو پڕۆسەیەی کە تیایدا پەیوەندییەکەت بە ئەزموونێکی خراپ ببینی.

فیشەر لەو بارەوە دەڵێت: "هیچ کەسێک تەواو پێگەشتوو نییە، مێشکی مرۆڤیش بۆ ئەوە دروستکراوە شتە خراپەکانی بیر بێتەوە، بەڵام ئەگەر بتوانی بەسەر ئەوەدا زاڵ بیت و بیر لە شتە گرنگەکان بکەیتەوە، ئەوا تۆ سوود بە لەشت، بە مێشکت و بە پەیوەندییەکەت دەگەیەنیت".

هێشتنەوەی پەیوەندییەکی سۆزداریی بەهێز

سو جۆسۆن، دەرووناس لە زانکۆی ئۆتاوا و نووسەری کتێبی "حەوت گفتوگۆ بۆ هێشتنەوەی خۆشەویستی تا کۆتایی ژیان"، دەڵێت: "ئەوە لە ماوەی 35 ساڵی ئەزموونم فێری بووم ئەوەیە، دەبێت کەسەکان کەوتنە داوی خۆشەویستی یەکدی دووبارە بکەنەوە".

دەشڵێت: "هەموو دوو کەسێک لە جیهان جیاوازییان هەیە، ئەوەشی کە دوو خۆشەویست لێک دوور دەخاتەوە ئەوەیە، پەیوەندیی سۆزدارییان دەپچڕێت، ناتوانن لانەیەکی ئارام و پارێزراو بۆ یەکتر پێکبهێنن".

ئەو دەرووناسە پێی وایە، کەسەکان نابێت بە رەخنە یەکدی زویر بکەن، بەڵکو رێگای گفتوگۆی تەندروست هەیە و دەبێت بزانین چۆن نیگەرانییەکانمان دەخەینەڕوو.

مانەوە بە ئەرێنی

کاری کۆل، بەڕێوەبەری پەیمانگای گۆتمان بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی ئامۆژگاری هاوسەران دەکات کە هەمیشە شتی ئەرێنی درووست بکەن.

"بچڕانی سۆز زۆر بە ئاسانی دروست دەبێت کاتێک بە ئەرێنی کارەکانمان ناکەین. کاتێک ئەمە روودەدات، خەڵک رۆژ دوای رۆژ لێک دوور دەکەونەوە، تا رۆژێک دەبنە دوو بیانی و بەیەکتر نامۆ دەبن".

کۆل دەڵێت، ئاسانترین رێگا بۆ بوون بە کەسێک ئەرێنی ئەوەیە کە هەموو رۆژێک شتێک بدۆزیتەوە کە ستایشی بەرامبەرەکەتی پێ بکەیت، بە تایبەت ئەو شتانەی کە تۆ لەواندا خۆشت دەوێن.

ئەمەش دوو سوودی دەبێت، یەکەم وا لە خۆشەویستەکەت دەکات هەمیشە هەستێکی باشی بەرامبەر بە خۆی هەبێت لەگەڵ تۆدا، دووەم، هەموو رۆژێک بیرت دەخاتەوە بۆچی تۆ ئەو کەسەت هەڵبژارد و بووە خۆشەویستت.

دڵخۆشی پەیوەندی، دڵخۆشی ژیانە

کاتێک پەیوەندییەکی خۆشەویستی بەهێز دەبێت، ئەو نەک ئەو پەیوەندییە، بەڵکو ژیانیشت ئەرێنی و خۆش دەبێت.

بەگوێرەی زانست و توێژینەوەکان و وەک ئەوەی سو جۆسۆن دەیڵێت، مرۆڤ بەو جۆرە دروستبووە، کاتێک لەگەڵ کەسانێک دەبێت کە خۆشیان دەوێت و بەهای بۆ دادەنێن، هەست بە سەلامەتی و خۆشبەختی دەکات لە ژیانی.

Times

H.J