شایی بوو بە شیوه‌ن

كەسوكاری ھەیسەم داوای دەستگیركردنی بكوژی كوڕەكەیان دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

كێشەیەكی دیكەی كۆمەڵایەتی و ئەمجارەیان لە ناو ئاھەنگی بووك گواستنەوە كوڕێكی تەمەن 18 ساڵی كردە قوربانی و 5 كەسی دیكەش برینداربوون. بنەماڵە و كەسوكاری قوربانیەكە سكاڵای خۆیان ئاراستەی حكوومەت دەكەن و دەڵێن، ئێستا ھیچ یاسایەك نییە بۆ ھەڵگرتنی چەك بە تایبەت لە شوێنە گشتیەكان، داواكارن كە بكوژەكان بە زووترین كات دەسگیر بكرێن. پۆلیسی ھەولێریش دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی ئەو بنەماڵەیە و سزای ئەم جۆرە شەڕانە لە شوێنی گشتی لە رووی یاساییەوە روون دەكاتەوە.

خۆیان بۆ شایی و ئاھەنگ ئامادە كردبوو، بەڵام ئێستا شین گێری بۆ  كوڕەكەیان دەكەن، ھەیسەم تەمەنی 18 ساڵ بوو، رۆژی ھەینی رابردوو لەگەڵ خێزانەكەی لە ئاھەنگی بووك گواستنەوەی خزمێكیان بەشدار دەبن، بەڵام بە ھۆی كێشەی نێوان دوو كەس كە وەك ئەوان باسی دەكەن تەنیا لە سەر سەرچۆپی شاییەكە بووە، دەبێتە قوربانی دایك و خوشكی ھەیسەم دەیانەوێ بكوژەكە بە زووترین كات دەستگیر بكرێت.

كەسوكاری ئەو كوڕە گەنجە كە بووەتە قوربانی شەڕ و ئاژاوەیەك لە ناو ئاھەنگی بووك گواستنەوە راستەوخۆ گلەیی ئاراستەی یاسا و لایەنەكان دەكەن، كە تائێستاش ھاووڵاتییان چەكیان لە دەستە و لە شوێنە گشتییەكان بەم جۆرە كارەساتی لێدەكەوێتەوە و داواكارن یاسا ھاریكاریان بێت، بۆ ئەوەی كوڕانی دیكە وەك ھەیسەم نەبنە قوربانی.

دوا بە دوای رووداوەكە پۆلیسی ھەولێر گەیشتووەتە شوێنیەكە، وەك خۆشیان باسی دەكەن تائێستا چەند كەس سەبارەت بەم روودواە دەسگیر كراون، وتەبێژی پۆلیس سزای ئەوە كەسانەش باس دەكا لە شوێنە گشتیەكان چەك بە كاردێنن.

ھ.م