داوا ده‌كرێت گۆرانییه‌كی كازم ساهیر بكرێته مارشی نیشتمانی عێراق
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار داوا له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌ن، گۆڕینی مارشی نیشتمانی بخرێته به‌رنامه‌ی دانیشتن و به‌شێكیش له په‌رله‌مانتاره‌كانی سه‌ر به ره‌وتی سه‌در، داوا ده‌كه‌ن گۆرانییه‌كی كازم ساهیر وه‌ك مارشی نیشتمانی ده‌ستنیشان بكرێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24 له به‌غدا، په‌رله‌مانتاران داوایان له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردووه، مارشی نیشتمانی بگۆڕدرێت و داواكه‌شیان وه‌رگیراوه، ئه‌گه‌رچی بۆ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان بووه، به‌ڵام به گوێره‌ی زانیارییه‌كان بۆ دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان ئه‌و پرسه هه‌ڵگیراوه.
ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری نزیك له ره‌وتی سه‌دریش، داوا ده‌كه‌ن، یه‌كێك له گۆرانییه‌كانی كازم ساهیر، هونه‌رمه‌ندی دیاری عێراقی بكرێته مارش.
پێشتر سینان عه‌زاوی، هونه‌رمه‌ندی عێراقی، پاش دیداری له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، له فه‌یسبووكه‌وه گوتی: "سه‌در ئاماژه‌ی به رۆڵی كازم ساهر كردووه‌و پێشنیازێكی خستووه‌ته به‌رده‌ستی بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی نیشتمانی له مووسڵ بكات".
عه‌زاوی ئه‌وه‌شی گوتبوو: "له كاتی گفتوگۆكردنم له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در باسی كازم ساهیری كردووه‌و سه‌رسوڕمانی خۆی به سروودی (سلام عليك على رافديك عراق القيم) ده‌ربڕیوه‌و به سروودی نیشتمانی ناوی بردووه".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "سه‌در ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه میوانداریی كازم ساهیر بكات له عێراق و هه‌رچی پێویسته له پاڵپشتی لۆجیستی و ئه‌منی پێشكه‌شی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی نیشتمانی له‌سه‌ر خاكی مووسڵ بكات دوای رزگاركردنی، منی راسپاردووه په‌یوه‌ندی پێوه بكه‌م ئێستا منیش خه‌ریكی ئه‌و كاره‌م".
عه‌زاوی یه‌كێك له‌وانه‌یه داوای گۆڕینی سروودی نیشتمانی عێراق ده‌كات و داوای له هه‌وادارانی كردووه له‌و رووه‌وه پاڵپشتی بكه‌ن.