سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە

جەخت لەسەر قووڵتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كرایەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی 1ـی 2020 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئامادەی بوو، بارودۆخی شاری مووسڵ و ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای نەینەوا، ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و كاركردن بۆ گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچە ئازادكراوەكان، تاووتوێ كرا.

لە بەشێكی ئەو دیدارەدا، شاندی میوان سەرۆك بارزانییان لە كێشە و گرفت و داواكارییەكانی پێكهاتەكان ئاگادار كردەوە و راشیانگەیاند، كە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا چاویان لەوەیە سەرۆك بارزانی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان بۆ بدات.

هەر لەو كۆبوونەویەدا، قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخێندرا، هاوكات جەخت لەسەر قووڵتركردنه‌وه‌ی بنەماكانی پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا كرایەوە.