هه‌سه‌ده‌ گوندێكی دیكه‌ی كۆنترۆڵ كرده‌وه‌

لە چەند هێرشێکی پێچەوانەدا

K24 – سه‌رێكانی:

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) له‌ دژه‌ هێرشێكدا بۆ سه‌ر سوپای توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی، توانیان گوندی تەل حه‌لەف کۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات درەنگانی شەوی رابردوو توانیویانە گوندی تەلە حه‌لەف لە رۆژئاوای سەرێکانی کۆنترۆڵ بکەنەوە و میلیشیاكانی سەر بە تورکیا لە گوندەکە ده‌رپه‌ڕێنن.

پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی: هێزەکانی هەسەدە لە چەند هێرشێکی پێچەوانە توانیویانە سێ ناوچەی دیکە لەژێر دەستی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دەربهێننەوە و زیانێکی زۆریشیان پێگەیاندوون.

شه‌ڕی سوپای توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان پێی ناوه‌ته‌ شه‌شه‌مین رۆژییه‌وه‌ و دوێنێ حه‌سه‌ن رووحانی سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ باره‌ی ئه‌و هێرشه‌وه‌ به‌ یه‌ك رسته‌ گوتی: توركیا جگه‌ له‌ زیادكردنی ژماره‌ی كوژراو و ئاواره‌كان هیچ شتێكی دیكه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.