"داعش دوا مۆڵگه‌كانی له ده‌ست ده‌دات"
K24 - هه‌ولێر:
هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه بۆ شه‌ڕی داعش پاڵپشتیی ده‌كرێن رایگه‌یاند: "چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی داعشیان له میانی دوا ئۆپراسیۆنی سه‌ر دوا مۆڵگه‌كانی داعشیان له رۆژهه‌ڵاتی سووریا كۆنترۆڵ كردووه".
مسته‌فا بالی، به‌رپرسی ناوه‌ندی میدیای هه‌سه‌ده به ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی گوتووه: "شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده تا ئێستا 41 پێگه‌ی داعشیان كۆنترۆڵ كردووه، به‌ڵام رۆژی یه‌كشه‌ممه رووبه‌ڕووی هێرشی پێچه‌وانه بوونه‌ته‌وه‌و توانراوه تێكبشكێنرێن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "400 تا 600 چه‌كداری داعش له دوا مۆڵگه‌كانیاندا شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌كیشیان چه‌كداری بیانین، به‌پێی لێكدانه‌وه‌كانیش 500 تا 1000 هاووڵاتی سڤیل له‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه‌دا گیریانخواردووه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "زیاتر له 20 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل له‌ماوه‌ی 10 رۆژی رابردوودا ده‌رباز كراون و له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی كه‌می داهاتووشدا كۆتایی سه‌ربازیی داعش له‌و ناوچانه‌دا ده‌بینرێت".
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووش مسته‌فا بالی، به‌رپرسی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) به كوردستان 24ـی راگه‌یاندبوو، ئۆپه‌راسیۆنیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی دوایین پێگه‌ی داعش له سووریا ده‌ستپێكردووه.
بالی بۆ كوردستان 24 ئاشكرای كرد، ئێستا چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه، له دوایین پێگه‌ی خۆیان، له ناوچه‌ی "باغوز" له پارێزگای دێره‌زوور، گه‌مارۆدراون.
روونیشی كرده‌وه، له ئاسمانه‌وه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ن و مۆڵگه‌كانی رێكخراوه‌كه بۆدرومان ده‌كه‌ن.
ناوچه‌ی باغوز، ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی پارێزگاری دێره‌زوور و نزیك سنووری نێوان سووریا و عێراقه و دوایین رووبه‌ره كه هێشتا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی داعش ماوه.