گوته‌بێژی پارتی: ياساى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كارا ده‌كرێته‌وه‌

"پرسی كه‌ركووك خراوه‌ته‌ ژێر ده‌ستی سه‌رۆك بارزانی و جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی"

K24- هه‌ولێر:

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كارا دەكرێتەوە و ناكرێت هەر چاوەڕوان بین.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی حزبه‌كه‌ی رایگه‌یاند: سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە، دواتر لەگەڵ لایەنەكاندا لە نووسینەوەی دەستووری هەرێمدا گۆڕانكاری له‌ یاساكەدا دەكرێت.

گوته‌بێژی پارتی گوتیشی: "هەوڵ دەدەین كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدەین، كە كابینەی نوێ زووتر پێك بێت".

مەحموود محەمەد راشیگەیاند، "سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر ئەو جیاوازییەی لە بۆچوون و دیدگاكانی پارتی و لایەنەكانی دیكەدا لە سەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەموو لایەك دەیخەینە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمو گەنگەشە دەكرێت و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی چی دەبن".

سەبارەت بە چۆنیەتیی رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی لە سەر دۆخی كەركووك، مەحموود محەمەد گوتی: "ئەو پرسە خراوەتە ژێر دەستی جەنابی سەرۆك بارزانی و جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی، بە بابەتی بەغداشەوە".

H.B