سه‌رۆك بارزانی: نابێت ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی دروستبوونی رق و كینەی نێوان نەتەوەكان

"ئەگەر دوای ئازادكردنی عێراق دەستوور بنەمای چارەسەری كێشەكان بوایە دۆخه‌كه‌ باشتر دەبوو"

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د مه‌نفی، پارێزگاری موسەننا و شاندێكی ئەندامانی ئەنجومەنی ئه‌و پارێزگاكه‌ كۆبووه‌وه‌.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ دیدار و پێشوازییان، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق، پێزانینیان هەبوو بۆ قوربانیدانی گەلی كوردستان لە خەباتی دژی دیكتاتۆریەت و شەڕی تیرۆر. پارێزگار و شاندی یاوەری، هەوڵەكانی سەرۆك بارزانیان بەرز نرخاند لە رووبەڕبوونەوەی دیكتاتۆرییەت و قووڵكردنەوەی بنەماكانی دیموكراسیەت و پێكەوەژیان لە عێراقدا.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باسی بارودۆخ و گوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق به‌ گشتی و پارێزگای موسەننا به‌تایبه‌ت كرا، جه‌خت له‌سه‌ر سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان كرایه‌وە، كە بتوانن ئەم ئەزموونە بۆ پێشخستن و  پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار لە پارێزگاكەیان بگوازنەوە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگەكەیان پتەوتر بكەن.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخ و كێشەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق كرا، هاوكات جەخت لە پێویستیی جێبەجێكردنی دەستووری عێراق وەك چارەسەر بۆ كێشەكان كرایەوە.

لای خۆیه‌وه‌ سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق و بەتایبەتی پارێزگای موسەننای بە گرنگ وەسف كرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق دەستوور بنەمای چارەسەری كێشەكان بوایە، عێراق لە دۆخێكی باشتر دەبوو. هەروەها جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكه‌ی عێراق كردەوە. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كێشە سیاسییەكانی عێراق، دووپاتی كردەوە، كه‌ نابێت ناكۆكیی سیاسیی ببێتە هۆی دروستبوونی رق و كینەی نێوان نەتەوەكان، بەڵكو پێویستە ئەو ئاشتی و تەباییەی له‌نێوان پێكهاتەی گەلانی عێراقدا هەیە، بەهێزتر بكرێت.

لە كۆتایی دیدارەكەدا لەبارەی چارەنووسی رووفاتی ئەنفالكراوەكانی كوردستان، سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی هەوڵی جیددی بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوان بۆ نیشتمانی خۆیان بدرێ.

H.B