له ناوچهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم بهڵێننامه به جوتیارانی كورد پڕ دهكرێتهوه
K24 – كهركووك:
چهند لایهنێكی عێراقی لە گوندە کوردنشینەکانی شارۆچکەی دووبز و سەرگەڕان، لە رێگهی ئەنجوومەنی گوندەکانەوە، بەڵێننامەیەکی چوار خاڵیان بۆ جوتیاران ناردووە و داوای پڕکردنەوەی دەکەن.
یەکێک لەو جوتیارانهی بهڵێننامهكهی بهدهست گهیشتووه، به كوردستان24ی راگهیاند، هێشتا کەس ئامادە نەبووە بەڵێننامەکە واژوو بکات و پڕی بکاتەوە، چونکە دوای واژووکردنی مافی ساڵی داهاتووی جوتیارە کوردەکان دەفەوتێت.
لهو بارهیهوه، مەردان عەبدولڕەحمان، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی جوتیارانی کوردستان بە کوردستان24ی راگهیاند، هێزە عێراقییەکان ئەم بەڵێننامەیان بە (موختار)ی گوندەکان داوە و داوایان کردووە، کە هەموو جوتیارەکان بەڵێننامەکە پڕبکەنەوە.
گوتیشی: ئەگەر جوتیارەکان ئەم بەڵێننامەیە پڕبکەنەوە مانای وایە، ئەوە ساڵی داهاتوو بێ بەش دەبن لەوەی کە کاری کشتوکاڵی بکەن لەسەر زەوییەکانیان.
بە وتهی مەردان عەبدولڕەحمان، ئەو دۆسیهیه چەند ساڵە لە دادگا یەکلای نەکراوەتەوە بۆیە چاوەڕێ ناکرێت لە ماوەی ساڵێکدا یەکلای بکرێتەوە.
بە گوێرهی قسەکانی ئەو جوتیارە کورده بێت، دوای ئەوەی دەغڵ و دانی جوتیارەکان سوتێنرا، ئێستا هێزە عێراقییەکان لە بری ئەوەی بێ لایەن بن و نێوەندگیر بن کەچی ئەم بەڵێننامەیان هێناوە بەخەڵکی پڕ دەکەنەوە، لەکاتێکدا که ئەمە رێکارێکی ئیداریە و لایەنی ئیداری دەبێ بیکات نەک لایەنی سەربازی.