نه‌وه‌كانی "ئیمام خومه‌ینی" شه‌ڕی راسته‌ڕێكردنی رێبازه‌كه‌ی باپیریان ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
یه‌كێكیان نرخی جانتاكه‌ی هه‌زاران دۆلاره و یه‌كێكی دیكه داوا ده‌كات ئه‌مه‌ریكا له ئێران بدات و هه‌ندێكیان بۆچوونێكی دیكه‌یان هه‌یه له‌سه‌ر رووداوه‌كانی وڵاته‌كه‌یان و ده‌سه‌ڵاتداران لێیان ناڕازین.
مانگی رابردوو له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا وێنه‌ی یه‌كێك له نه‌وه‌كانی خومه‌ینی بڵاوكرایه‌وه‌و ره‌خنه‌ی زۆری لێ‌گیرا، چونكه نه‌وه‌ی رێبه‌ری پێشووی شۆڕش كه ناوی یاسه‌مین ئیشراقییه، وێنه‌یه‌كی خۆی له ئینستاگرام بڵاوكردهوهو جانتایه‌كی به‌ده‌سته‌وه بوو له براندی Dolce & Gabbana و نرخه‌كه‌ی زیاتر بوو له 3700 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، به‌هۆی ئه‌و ره‌خنه زۆرهیشی لێیگیرا، یاسه‌مین وێنه‌كه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه لادا، چونكه ئێستا به‌هۆی خراپی دۆخی ئابووری و گه‌مارۆكانه‌وه، گه‌لانی ئێران تووڕه‌ن و به‌ده‌ست خراپی گوزه‌رانیانه‌وه ده‌ناڵێنن و سزا نوێیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دراوی ئه‌و وڵاته‌ی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی هێناوه‌ته نزمترین ئاست. له‌و كاته‌شدا نه‌وه‌یه‌كی ئیمام خومه‌ینی به جانتایه‌كی هه‌زاران دۆلاری ده‌رده‌كه‌وێ، ئیتر هۆكاره‌كانی تووڕه‌بوونی زیاتری خه‌ڵكی به‌ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێ.
به‌ڵام خۆ ئیمام خومه‌ینی هه‌ر ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی نییه، ئایا ئه‌وانی دیكه‌یان خه‌ریكی چین و دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه چۆن ده‌ڕواننه شۆڕشه‌كه‌ی باپیریان؟
ئیمام خومه‌ینی 15 نه‌وه‌ی هه‌یه، هه‌شتیان كوڕن و حه‌وتیان كچن، زۆرینه‌یان له‌ناو ئێران‌دا ده‌ژین، هه‌ندێكیشیان له چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا مشتومڕیان ناوه‌ته‌وه، چونكه پاشناوی خومه‌ینییان پێوه‌بوو كه شۆڕشی دژی شای ئێران كرد و له‌سه‌ر ته‌ختی شاهانه ھێنایه خواره‌وه و زۆرینه‌ی كات جێگه‌ی سه‌رنج بوون.
زه‌هرا ئیشراقی، نه‌وه‌ی خومه‌ینییه، به‌ڵام دژی حیجابه و له‌پێناو مافه‌كانی مرۆڤ تێده‌كۆشێ.
زه‌هرا ته‌مه‌نی 54 ساڵانه، ئه‌ندازیاره و هاوسه‌ری كه‌سایه‌تی سیاسی و ریفۆرمخوازی ناودار، محه‌مه‌د ره‌زا خاته‌می برای سه‌رۆككۆماری پێشووتری ئێران محه‌مه‌د خاته‌مییه.،
زه‌هرا چارشێو "چادۆر" ده‌پۆشی (ژنانی ئێرانی بۆ ده‌ره‌وه ده‌یپۆشن و ره‌نگی ره‌شه و ره‌نگی دیكه‌یشی هه‌یه)، زه‌هرا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشی نه‌وه‌ی خومه‌ینییه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ره‌نگی كراوه‌و مانتۆی جیاواز له‌ژێر چادۆرهكهی له پێ ده‌كات، مشتومڕی زۆری له ئێران ناوه‌ته‌وه.
ساڵی 2003 له دیدارێكدا دانی به‌وه‌داناوه كه حه‌زی له ره‌نگی ره‌ش و چادۆر نییه و حه‌زده‌كات ژنانی ئێرانی ره‌نگی بریقه‌دار و كراوه بپۆشن.
مریه‌م حامدی، رۆژنامه‌نووسی ئێرانی كه گرنكی به دۆسێی ژنان ده‌دات، ده‌رباره‌ی ورده‌كاریی دیدارێكی له‌گه‌ڵ زه‌هرا ئیشراقی ده‌ڵێت: "زه‌هرا یه‌كێكه له‌و تێكۆشه‌رانه‌ی له بواری مافه‌كانی ژناندا تێده‌كۆشێ، پێیوایه ژنانی ئێران رووبه‌ڕووی سته‌مێكی زۆر بوونه‌ته‌وه و پێویسته ئه‌و بارودۆخه بگۆڕدرێت".
زه‌هرا مه‌یلی به‌لای ره‌وتی ریفۆرمخوازه‌كانی ئێرانه‌وه‌یه، یه‌كێك له ئه‌ندامانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی محه‌مه‌د خاته‌می بوو و به‌ھێزه‌وه پاڵپشتی حه‌سه‌ن رۆحانی كرد له ساڵی 2013 دا، پێیوایه ده‌توانێ درێژه به‌و چاكسازیانه بدات كه محه‌مه‌د خاته‌می له ساڵی 1997 تا 2006 درێژه‌ی پێدا.
زه‌هرا هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی یه‌ك ملیۆن واژووی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جیاكاریی دژی ژنان له ئێران به‌ڕێوه‌برد. به‌ڵام فه‌رمانی پێكراوه ده‌ست له‌و كارانه هه‌ڵبگرێت بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاریی له رێبازی باپیر و خانه‌واده‌كه‌ی بكات.
زه‌هرا له‌باره‌ی ئه‌و فه‌رمانه‌وه گووتی: "ئه‌گه‌ر باپیرم تا ئێستا له ژیاندا بمایه، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه خراپه‌ی ژنانی ئێرانی تێدایه تووشی بێهیوایی ده‌بوو".
زه‌هرا ره‌خنه‌ی توندی له را‌گرتن و بلۆككردنی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش گرتووه‌و گوتوویه‌تی: "جیهان به‌خێراییه‌كی گه‌وره ده‌گۆڕێت، كه‌س ناتوانێت كۆنترۆڵی ته‌كنه‌لۆژیا بكات، ئێرانییه‌كانیش هه‌ر ده‌بێت به‌ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا بكرێنه‌وه".
زه‌هرا هه‌وڵیدا له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2000 خۆی كاندید بكات، به‌ڵام كاندیدبوونی ره‌تكرایه‌وه. له‌م ساڵانه‌ی دوایشدا زه‌هرا له ده‌ركه‌وتن و لێدوان بۆ میدیاكان دووركه‌وته‌وه، دوا دیداری ساڵی 2013 بوو له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت بوو.
مریه‌م ده‌ڵێت: "زه‌هرا ئیتر كه‌مێك بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه، چونكه ناوی خانه‌واده‌كه‌ی میراتێكی سه‌خته له‌سه‌ر شانیان و نایه‌وێت زۆر قسه بكات".
عه‌لی ئیشراقی، نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی خومه‌ینییه و ده‌ڵێت: باپیرم داوای له پیاوانی ئایینی كرد له سیاسه‌ت دوور بكه‌ونه‌وه
عه‌لی ئیشراقی، ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نییه، ته‌مه‌نی له‌سه‌رووی 51 ساڵانه‌وه‌یه، به یه‌كێك له توندترین نه‌یاره‌كانی رژێمی ئێستای ئێران داده‌نرێت و پێیوایه رێڕه‌و و ئاراسته‌ی شۆڕشه‌كه‌ی باپیری گۆڕاوه. ساڵی 2008 هه‌وڵیدا له رێگه‌ی ره‌وتی چاكسازیخوازان خۆی هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام دۆسێی خۆكاندیدكرنهكهی ره‌تكرایه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌نجوومه‌نی داڕشتنی ده‌ستوور كه تایبه‌تمه‌ندن به وردبینی دۆسێی كاندیده‌كان هیچ لێدوانێك له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی كاندیدبوونی عه‌لی بده‌ن.
عه‌لی ره‌خنه له پیاوانی ئایینی ده‌گرێت كه تیكه‌ڵی سیاسه‌ت بوون و ده‌ڵێت: "داواكاریی باپیرم له پیاوانی ئایینی و هێزه چه‌كداره‌كان ئه‌وه‌بووه له كاری سیاسی دووركه‌ونه‌وه".
نیما ناوێكی خوازراوی رۆژنامهوانێكه و ده‌ڵێت: "عه‌لی ده‌ستیكردبوو به ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی شۆڕشه‌كه‌ی باپیری له‌كه‌دار ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك نه‌وه‌كانی دیكه‌ی داوا له عه‌لی كراوه لێدوان بۆ میدیاكان رابگرێت چ ناوخۆیی بن یان میدیای وڵاتانی ده‌ره‌وه. به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی له‌باره‌ی ره‌وشی میر حوسه‌ین موسه‌وی و مه‌هدی كه‌ڕووبی، نه‌یاره دیاره‌كانی ئێران گرت كه خرابوونه ژێر گوشار و رێگه‌ی چوونه ده‌ره‌وه‌یان لێگیرابوو".
نه‌عیمه ئیشراقی: گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا زیانمان پێناگهیێنێ
نه‌عیمه ئیشراقی ته‌مه‌نی له‌سه‌رووی 53 ساڵییه‌وه‌یه و له بواری ئه‌ندازیاریی كار ده‌كات وه‌ك زه‌هرای خوشكی، ئه‌ویش دژی به‌زۆر سه‌پاندنی حیجابه، به‌ڵام نه‌یارێتی ئه‌و زیاتر له پرسی حیجاب پهلیكێشاوه.
له یه‌كێك له لێدوانه‌كانیدا ره‌خنه له عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای ئێران و ئه‌نجوومه‌نی داڕشتنی ده‌ستووریش ده‌گرێت.
نه‌عیمه ده‌ڵێت: "فیكری ئیمام خومه‌ینی باپیرم به‌ته‌واوی له سه‌ركرده‌كانی ئێستای ئێران جیاوازبوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌وین زه‌حمه‌ته بتوانین قسه له‌سه‌ر زۆر پرس و كێشه بكه‌ین، چونكه ناوی باپیرمان له ده‌ستگیركردن نامانپارێزێ".
ساڵی 2011 نه‌عیمه هه‌ڵمه‌تی ژنانی دژی حیجابی به‌زۆر ده‌ستپێكرد، هه‌رچه‌نده خۆیشی ناچاره چارشیو (چادۆر) بپۆشێ، به‌ڵام پاڵپشتی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی ده‌كرد.
نه‌عیمه ئیشراقی پێیوایه دانووستان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا زۆر باشه بۆ هه‌ر دوو وڵاته‌كه.
یاسر خومه‌ینی و عه‌لی خومه‌ینی: پیاوی ئایینی ناو ریفۆرمخوازه‌كانن
یاسر و عه‌لی خومه‌ینی پیاوی ئاینی پله مامناوه‌ندین و له ئێران و عێراق خوێندوویانه، پاڵپشتی میر حوسه‌ین موسه‌وی بوون له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009 دژی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد. ره‌خنه‌ی زۆریان له به‌ناچاری هێشتنه‌وه‌ی ره‌مزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له ماڵه‌كانیان ده‌گرت. له ساڵی 2009 تا ئێستا له‌سه‌ر هیچ پرسێك قسه‌یان نه‌كردووه، ئه‌وان دوو له نه‌وه‌كانی خومه‌ینین كه كه‌مترین ره‌خنه‌یان لێ ده‌بیسترێت.
حوسه‌ین خومه‌ینی له هه‌موو نه‌وه‌كانی دیكه‌ی خومه‌ینی تووڕه‌تره
كاتێك ساڵی 2003 حوسه‌ین خومه‌ینی سه‌ردانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای كرد گووتی: "پێویسته واشنتن ده‌ستوه‌رداته كاروباری ئێران بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌ت درووست بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی له عێراق كردی".
ئه‌وه‌ش زۆر جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو بۆ نه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای به "شه‌یتانی گه‌وره" ناوده‌برد. كه‌چی داوا ده‌كات واشنتن ده‌ست له كاروباری وڵاته‌كه‌ی وه‌ربدات. به‌ڵام هه‌موو لێدوانه‌كانی حوسه‌ین خومه‌ینی هه‌ر مایه‌ی سه‌رسوڕمانن، كه‌سێكی جیاوازه له‌ناو نه‌وه‌كانی ئیمام خومه‌ینی دا. ئه‌و خۆی پیاوی ئایینییه و كه‌چی دژی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی پیاوانی ئاینییه له ئێران.
له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌ستگیركرابوو، چونكه ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی وڵاته‌كه‌ی بوو و ده‌یگووت: "حكوومه‌تی ئایینی له حكوومه‌ته‌كه‌ی شا خراپتره".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر باپیرم زیندوو بوایه به‌م سه‌ركردانه‌ی ئێستای ئیران قایل نه‌ده‌بوو".
نیما كه رۆژنامه‌وانێكی ئێرانییه ده‌ڵیت: "ئه‌و قسانه‌ی حوسه‌ین خومه‌ینی له واشنتن كردنی زۆر سه‌یر بوون، ئاخر چۆن ده‌كرێت پیاوێكی ئایینی داوا له وڵاتێكی بیانی بكات ده‌ستوه‌رداته وڵاته‌كه‌یه‌وه، با ئێران له خراپترین دۆخیشدا بێت له‌ناو وڵاتانی جیهاندا، چۆن ده‌بێت داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه بكات؟".
ساڵی 2003 كاتێك ئه‌مه‌ریكا هاته عێراق، حوسه‌ین خومه‌ینی چوو بۆ كه‌ربه‌لا، هه‌وڵیدا خه‌ڵكی له ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌و بیانكات به نه‌یاری رژێمی ئێران و گووتی: "ته‌نها چاره‌سه‌ر بۆ ئازادبوونی ئێران ئه‌وه‌یه ئه‌مه‌ریكا بێته ناوه‌وه‌و هاوكاری ئێرانییه‌كان بكات".
دوای ئه‌و لێدوانه هه‌واڵه‌كه له ئێران بڵاوبوویه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیش فه‌رمانیان ده‌ركرد حوسه‌ین خومه‌ینی هیچ قسه‌یه‌ك بۆ میدیاكان نه‌كات. به‌ڵام ساڵی 2006 جارێكی دیكه دهركهوتهوهو له دیداریكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه، دیسان داواكارییه‌كه‌ی له ئه‌مه‌ریكا دووباره كرده‌وه‌و گووتی: "من نه‌یاری پرۆگرامی ئه‌تۆمی ئێرانم، ده‌توانین ئازادی و دیموكراسییه‌ت بخوڵقێنین نه‌ك چه‌كی ئه‌تۆمی".
پاساوی حوسه‌ین خومه‌ینی بۆ بانگێشتكردنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئه‌وه‌بوو، ده‌بێت ئێرانییه‌كان یان له‌ناوه‌وه یان له ده‌ره‌وه ئازادییان بۆ بێت.
حوسه‌ین خوێندنی ئایینی له شاری قوم خوێندووه، ئه‌و شاره‌ی به گرنگترین شاری ئایینی شیعه‌كان داده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌یاری به‌زۆر پۆشینی حیجابه به‌سه‌ر ژناندا.
له‌وباره‌یه‌وه نیما گوتوویه‌تی: "حوسه‌ین خومه‌ینی ماوه‌یه‌كی زۆره له ئێران نییه، ئه‌و ده‌یه‌وێت له عێراق جێگیر بێت، به‌ڵام ھێشتا نازانرێت ئه‌وه له‌سه‌ر خواستی خۆیه‌تی یان رێگه‌ی نادرێت بگه‌ڕێته‌وه ئێران، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه بڵاوبوویه‌وه كه له ئه‌مه‌ریكا چاوی به نه‌وه‌ی شا كه‌وتووه".
حه‌سه‌ن خومه‌ینی میراتگری خانه‌واده‌ی خومه‌ینییه
حه‌سه‌ن خومه‌ینی یه‌كێكه له گرنگترین نه‌وه‌كانی خومه‌ینی و زۆر سه‌رنجڕاكێشه له ئێران، ساڵی 1972 له دایكبووه، له عێراق و فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانی باپیری كردووه كه له تاراوگه ده‌ژیا. هه‌ر چه‌نده حه‌زی له تۆپی پێ بوو، به‌ڵام نه‌یتوانی له‌وبواره ناودار بێت و رووییشته بواری زانستی شه‌ریعه‌ت و ساڵی 1993 بووه پیاوێكی ئایینی به پله‌ی (حوجه‌تولئیسلام) كه پله‌یه‌كی زانستییه لای پیاوانی ئایینی شیعه.
حه‌سه‌ن خومه‌ینی كرایه پاسه‌وانی میراتی باپیری و كاره‌كانی مه‌زارگای ئیمام خومه‌ینی پێ‌سپێردرا و دامه‌زراوه‌كه‌ی كار له‌سه‌ر پاراستنی میرات و شوێنه‌واری ئیمام خومه‌ینی ده‌كات.
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حه‌سه‌ن خومه‌ینی زانرابووه له ده‌ركه‌وتن و ناوبانگ دوورده‌كه‌وته‌وه، ده‌ست له هیچ كاروبارێكی په‌یوه‌ست به فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئێران وه‌رنادات. به‌ڵام كاتێك له ساڵی 2008 رێگه‌یان له كاندیدبوونی ژماره‌یه‌ك له ریفۆرمخوازه‌كان گرت، بارودۆخه‌كه گۆڕا. یه‌كێك له‌وانه‌ی رێگه‌ی نه‌درا عه‌لی ئیشراقی بوو له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا، ئه‌وكاته ره‌خنه‌ی له ره‌وتی كۆنه‌پارێز گرت و گووتی: "كۆنترۆڵی په‌رله‌مانیان كردووه، پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن دڵسۆزی ئیمام خومه‌ینین راستگۆ و وردبن له جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانیدا".
كاتێك ساڵی 2009 هاوشانی میر حوسه‌ین موسه‌وی راوه‌ستا، رووبه‌ڕووی ههڵمهـێكی گه‌وره‌ی ره‌وتی كۆنه‌پارێز بوویه‌وه. كاتێكیش مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بوو به سه‌رۆككۆمار، حه‌سه‌ن خومه‌ینی ئێرانی جێهێشت و رۆیشته ده‌ره‌وه. ئیتر گۆمانی ئه‌وه زیاتر بوو كه له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ساخته‌كاریی زۆر كراوه.
ساڵی 2010 له بیره‌وه‌ری كۆچی دوایی ئیمام خومه‌ینیدا كه ده‌بوو حه‌سه‌ن رێوڕه‌سمه‌كه به گوتاری خۆی ده‌سپێبكات. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێی خسته سه‌ر مینبه‌ره‌كه ئاماده‌بووان ده‌ستیان به ده‌ربرینی ناڕه‌زایه‌تی كرد و درووشمیان له دژی ده‌گووته‌وه. ئیتر حه‌سه‌ن خومه‌ینی مینبه‌ره‌كه‌ی جێهێشت. هه‌ر چه‌نده زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی روویدا وێنه‌ی گیرا، به‌ڵام دواتر له یوتیوب سڕانه‌وه.
حه‌سه‌ن خومه‌ینی هه‌وڵیدا بیته ناو دنیای سیاسه‌ته‌وه، هه‌ندێك پێیانوابوو ده‌بێته شوێنگره‌وه‌ی خومه‌ینی، به‌ڵام ساڵی 2016 حه‌سه‌ن سیڤی كاندیدبوونی خۆی پێشكه‌ش كرد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌زایانی رێبه‌ریی (ئهنجوومهنێكه له 88 پیاوی ئایینی پێكدێت و په‌یوه‌نددارن به دامه‌زراندنی رێبه‌ری باڵای ئێران و ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه رێبه‌ری ئێستا لابده‌ن).
به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی داڕشتنی ده‌ستوور دۆسێی حه‌سه‌ن خومه‌ینیان ره‌تكرده‌وه‌و پاساوهكهیشیان ئه‌وه‌بوو كه "شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆی ئایینی نییه تا هاوكاریی بكات بۆ به‌شداریكردن له دامه‌زراندنی رێبه‌ری باڵای داهاتووی وڵات".
حه‌سه‌ن هه‌وڵیدا بڕیاره‌كه ته‌مییز بكاته‌وه، چونكه ئه‌و پله‌ی حوجهتولئیسلامی هه‌یه و ئه‌وه‌ش واده‌كات شایسته‌ی ئه‌و پله بێت تا راده‌یه‌ك، ژماره‌یه‌ك له پیاوانی ئایینیش له‌و رووه‌وه هاوكارییان كرد، به‌ڵام دیسان نه‌وه‌كه‌ی خومه‌ینی نه‌یتوانی بگاته دیوانی شاره‌زایانی رێبه‌ریی. حه‌سه‌ن به سه‌رسوڕمانه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر رێگهلیگرتنی كرد و گووتی: "زۆر سه‌یره، ئاغایانی ئه‌نجوومه‌نی داڕشتنی ده‌ستوور من به بێ توانا بۆ ئه‌و پۆسته داده‌نێن".
سه‌رچاوه: عه‌ره‌بی پۆست