دواى ساڵێك گرژی و ناخۆشی شهڕ لهنێوان دانيشتووانى دوو گوند سهرههڵدهداتهوه
K24 - پشدهر:
دوای ساڵێك لە گرژی و ناخۆشی دانیشتووانی نێوان دوو گوندی سنووری پشدەر، جارێکی دیكه شەڕەتەقە لەنێوانیان سەر هەڵدەداتەوە.
بە گوتەی گوندنشیان، لەماوەی رابردوو ئاشتەوایی نێوان دانیشتووانی هەردوو گوندی "جەلکان و مەمکان" لە ناحیەی سەنگەسەری سنووری پشدەر، لە سەردەستی ژمارەیەك مامۆستایی ئایينی و ریش سپی و کەسایەتیيەکانی ناوچەکە راگەیەنرا، بەڵام ئەو ئاشتەواییە کەمتر لە مانگێکی خایاند.
شایەتحاڵان بە کوردستان 24یان راگەیاند، شەوی رابردوو لە گوندی "مەمکانەوە" تەقەیەکی زۆر ئاراستهی گوندی "جەلکانی" دراوسێیان کراوە و فیشەك بهر زۆربهی ماڵهكان كهوتووه، بەڵام کوژراو و برینداری لێ نەکەوتۆتەوە و تەقەکەرەکانیش رایان کردووە.
پارساڵ لەسەر کێشەی پووش و پاوان هاووڵاتيیەك و دواتريش پۆلیسێك لەکاتی ناوبژیوانی دانیشتووانی نێوان گوندی "جەلکان و مەمکان" کوژران، دواتريش بههۆی رووداوهكه، 10 کەس لە دانیشتووانی هەردوولا دەستگیرکران.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان دوای ئاشتبوونەوەیان هەردوولا رێکكەوتن، بهڵام بە پاساوی ئازادنەکردنی ئەو کەسانەی بەتۆمەتی کوژرانی پۆلیسەکە دەستگیر کراون، کێشەکە سەریهەڵداوەتەوە و دوێنێ شەو شەڕه تەقە روویداوە.
ئ. م