ره‌وشی عێراق گفتوگۆكانی بودجه‌ی ئیتحادی په‌كخستووه‌

دوای په‌سندكردنی بودجه‌ هه‌رێم نه‌وت راده‌ست ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24ـی رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی عێراق کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی بودجەی 2020 دوادەکەوێت، پێشبینیشی كرد ئه‌و پرۆسه‌یه‌ چەندین هەفتە بخایەنێت تاوەکو لە حکوومەتەوە بۆ پەرلەمان دەنێردرێت و دواتریش دانیشتنی لەسەر دەکەن.

هاوکات بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گووتیشی: بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، لەسەرەتای ساڵەوە، حکوومەتی کاربەڕیکەر دەتوانێت مانگانە یەک لەسەر دوازدەی بودجە خەرج بکات، تاوەکو پڕۆژە بودجە پەسەند دەکرێت.

بەوەش بەغدا پابەندە مانگانە 435 ملیار دینار مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات هەروەک چۆن لە یاسای بودجەی 2019 دەنگی لەسەر دراوە.

لە بارەی فرۆشتنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەغداوە ئەحمەد سەفار گوتی: ئەو رێککەوتنەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پەیوەستە بە پەسەندکردنی بودجە، هەر کاتێک بودجە پەسەند کرا، ئەو کات هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لە رێگەی بەغداوە دەفرۆشێت.