پێنتاگۆن ڤیدیۆی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی بڵاو دەكاتەوە

سێ منداڵ لەگەڵ بەغدادی كوژراون و 11شیان رزگار كراون
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ڤیدیۆی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی بڵاو كردەوە و جەنەڕاڵێك وردەكاری ئۆپەراسیۆنەكە دەخاتەڕوو.

جەنەڕاڵ کینس ماکێنزی، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا دیمەنی هێرشی هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئەو باڵەخانەی کە ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش لە سووریا تێیدا کوژرا بڵاوکردەوە.

جەنەڕاڵ ماکێنزی ئاشکرای کرد، کە هێزەکانی هەسەدە لە دۆزینەوەی شوێنی خۆحەشاردانی ئەبوبەکر بەغدادی هاوکاریان کردون.

گوتیشی، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکە دوو کەس لەوانەی لەگەڵ بەغدادی بوون و سێ منداڵیش کە تەمەنیان لە خوار 12 ساڵان بوون لەکاتی خۆتەقاندنەوەی بەغدادی کوژران، بەڵام هێزەکانیان 11 منداڵی دیکەیان رزگار کردووە.

راشیگەیاند، دوای 24 کاتژمێر لە کوژرانی تەرمی ئەبوبەکر بەغدادیان فڕێداوەتە نێو دەریا.

ھ.م