چەند قومارخانەیەک لە هەولێر داخران

لەلایەن کەسانی چەکدار خاوەندارێتی کراون

K24 – هه‌ولێر:

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر داخستنی چەند قومارخانەیەکی نوێی راگەیاند کە لە لایەن کەسانی چەکدار خاوەندارێتی کراون.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، لەبارەی داخستنی قومارەخانە نایاساییەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، بەهۆی قومارخانە نایاساییەکان، چەندین خێزان هەڵوەشاونەتەوە و دەیان کەس مایەپووچ بوون و هەوڵی خۆکوشتنیان داوە".

راشیگەیاند: "لە ماوەکانی رابردوو، هەندێک کەسی چەکدار هەستاون بە کردنەوەی قومارخانە و خەڵکیان بۆ خۆیان راکێشاوە، بەڵام ئەو قومارخانانەش داخراون و دەزگا ئەمنییەکان پلانی تەواویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانە داڕشتووە".

بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستان بوونی قومارخانە بە هەموو جۆرێک کارێکی نایاساییە، بەڵام چەند هاووڵاتییەک لە ناو ماڵ و هەندێک شوێنی گەشتیاریی بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی کردنەوەی قومارخانە دەدەن.

H.J