لەبارەی دەنگۆی بوونی حەبێك لەناو پاقلەی كوڵاو لە سلێمانی روونكردنەوە دەدرێت

قایمقامیەتی سلێمانی ھەواڵێك رەتدەكاتەوە

K24 - سلێمانی

لە روونكردنەوەیەكدا قایمقامیەتی سلێمانی رەتیدەكاتەوە، كە دەستیان بەسەر ھیچ جۆرە حەبێكدا گرتبێت لەناو پاقلە و رایدەگەیەنێت، حاڵەتی وا لە سلێمانی تۆمار نەكراوە.

لە راگەیەندراوەكەی قایمقامیەتی سلێمانی ھاتوو: "پاش ئەوەی لەرێی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکرایەوە لە سلێمانی دەست بەسەر پاقلەدا گیرابێت بەحەبی (پاراسیتۆڵ) کوڵێنرابێت، سەرلەبەرى ئەو هەواڵە رەتدەکەینەوە كە هیچ حاڵەتێكی وەها لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانیەوە تۆماركرابێت و هیچ بڕە پاقلەیەكی كوڵاویش دەستی بەسەردا نەگیراوە".

ئاماژە بەوەشكراوە: "بە مەبەستی سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیان ئەو خواردەمەنیانەی رۆژانە دەیکڕن و دەیخۆن، قائیمقامیەتی سلێمانی لەڕێی (38) لیژنەوە لە بەرەبەیانێکی زووەوە تا درەنگانێکی شەو، چاودێری وردی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکات، سەرپێچیکارن سزا دەدات، کە بە سزای ماددی دەستپێدەکات تاداخستنی شوێنەکە و رووبەڕووکردنەوەی خاوەنەکەی بە دادگا".

ھ.م