یه‌كێتی له‌ رێككه‌وتنی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی ھەڵەبجە ده‌كشێته‌وه

پارتی: پێویسته‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێتی رێز له‌ واژۆكه‌ی بگرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

دوای زیاتر لە 50 کۆبوونەوە بۆ پێکھێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجە و رێککەوتنیان لەسەر کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە رێککەوتنەکە کشایەوە و بەرپرسی مەکۆی گۆڕانیش ئەم کشانەوەیە بە کارێکی خراپ دەزانێت و دەڵێت "سەرپێ نەکەوتنی پارێزگای ھەڵەبجە و پێکنەھێنانی ئەنجوومەنەکەی لە بەرژەوەندی یەکێتیدایە".

لە 2/9/2019، سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لە ھەڵەبجە گەیشتنە رێککەوتن و واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کرد بۆ پێکھێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجە و دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکە، دواتر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە رێگەی پارێزگای ھەڵەبجەوە پاشگەزبوونەوەی خۆی لە رێککەوتنەکە راگەیاند. جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 9ی یەکێتی لە ھەڵەبجە دەڵێ "ناکرێ ئێمە لێرە پۆست بە پارتی بدەین و ئەوان لە ھەولێر و دھۆک ھیچ پۆستێک بە یەکێتی نەدەن".

بەرپرسی لقی ھەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت "ئێمە نەرمیمان زۆر نواندووە لە کۆبوونەوەکاندا، پێویستە یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێز لە واژۆی خۆی بگرێت بۆ ئەوەی  پێکھێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجە و  دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەكان لەوە زیاتر دوا نەكەوێت".

بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەڵەبجە نایشارێتەوە ئۆباڵی پەککەوتنی ئەم رێککەوتنەو پێکنەھێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجە دەخەنە ئەستۆی یەکێتی نیشتمانی كوردستان و کشانەوەی یەکێتی لەو رێککەوتنانەی کە کردوویەتی بە بەھانە وەسف دەکات و دەڵێ "ئەمە تەنھا بیانووە ئەگەرنا پێش واژۆکردنی ئەو رێککەوتنەش یەکێتی ھەر دەیزانی کە لە ھەولێر و دھۆک پۆستی پێنەدراوە، بۆیە وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەماندایە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەجیا کۆببینەوە جگە لە یەکێتی بۆ ئەوەی رێگا چارەیەکی گونجاو بدۆزینەوە".

ھ.م