هێڵێكی نوێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت به هاوته‌ریبی هێڵی كه‌ركووك - جه‌یهان راده‌كێشرێت
K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاشكرایكرد، ئه‌نقه‌ره داوای له عێراق كردووه، ئاستی فرۆشی نه‌وتی خۆی به‌و وڵاته به‌رز بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا كۆتایی به به‌خشینی ئه‌و 8 وڵاته بهێنێت، كه پێشتر مۆڵه‌تی كڕینی نه‌وتی ئێرانی پێیدابوون، توركیاش یه‌كێك له‌و وڵاتانه بوو.
ثامر غه‌زبان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا پلانی راكێشانی هێڵێكی نوێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق له كه‌ركووكه‌وه بۆ توركیا ئاشكراكرد و گوتی: هێڵه نوێیه‌كه‌ی نه‌وت هاوته‌ریبی هێڵی كه‌ركووك - جه‌یهان ده‌بێت.
هه‌روه‌ها وه‌زیری نه‌وتی عێراق دووپاتیكرده‌وه، "وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ئاماده‌كاری ته‌واوی كردووه، له ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو، كه له ئه‌نجامی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له ناوچه‌كه بێته ئاراوه، رێككاری تایبه‌تیان هه‌یه و پلانی پێویستیان داڕشتووه".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی بیانی له باشووری عێراق كاری ئاسایی خۆیان ده‌كه‌ن و ئاسایشی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی باكووریش زۆر به‌باشی پارێزراوه".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، پێشتر ئاژانسی "بلۆمبێرگ" له دوو سه‌رچاوه‌ی جیاواز گواستییه‌وه، ئێستا توركیا دیراسه‌ی هاورده‌كردنی نه‌وتی خام له به‌نده‌ری به‌سره‌ی باشووری عێراق ده‌كات، وێڕای به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی نه‌وتی هاورده‌كراو له رێگه‌ی هێڵی نه‌وتی كه‌ركووك - جه‌یهان "هه‌رێمی كوردستان - توركیا".
دوای ئه‌وه‌ی واشنتن بڕیاریدا كۆتایی به‌و مۆڵه‌ته بهێنێت كه پێشتر بۆ كڕینی نه‌وتی ئێران به 8 وڵاتی جیاوازی دابوو و توركیاش یه‌كێك له‌و 8 وڵاته بوو، ئه‌نقه‌ره به‌رهه‌ڵستی خۆی بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی كۆشكی سپی نیشاندا، مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته دووپاتیكرده‌وه، بڕیاری ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به نه‌وتی ئێران سنووری خۆی به‌زاندووه و توركیا له‌و بڕیاره نیگه‌رانه.
H.B