بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی ھەولێر دەستبەكاربوو

عەبدولخالق تەڵعەت وەك ئەندامی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق دەستبەكار دەبێت

K24 - ھەولێر

لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئیداری و ئەفسەرانی پۆلیس، عەمید دلێر نەجاڕ وەک بەرێوەبەری نوێی پۆلیسی هەولێر دەستبەكار بوو.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر لە وتارێكدا ئاشكرای كرد، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێر، وەك ئەندامی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق دەستبەكار دەبێت. سوپاسیشی كرد كە لە ماوەی رابردوودا وەك بەڕێوەبەری پۆلیس رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەولێر، ھەروەھا پیرۆزبایی لە عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی ھەولێر كرد و ھیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

عەمید دلێر نەجاڕ، لە وتەیەكیدا رایگەیاند، كە بەڵێن دەدات بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركەی پێی سپێردراوە، ئارامیی و سەقامگیریی ھەولێر بپارێزێت.

چەند رۆژێك لەمەوبەر رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی دا بە پلە بەرزكردنەوەی عەمید دلێر نەجاڕ، ھاوكات وەك بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی هەولێر دەستنیشانی كرد.

ھ.م