فوئاد حوسێن بووە وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 - بەغدا

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 280 پەرلەمانتار کۆبووەوە بۆ متمانەدان بە حەوت وەزیری کابینەی نوێی عێراق و، لە ئەنجامدا دەنگ بە هەر حەوتیان درا و کابینەکەی مستەفا کازمی تەواوبوو.

کاندیدەکانی مستەفا کازمی بۆ وەزارەتەکان، کە ئەمڕۆ (شەممە، 6-6-2020) متمانەیان پێدرا و بوون بە وەزیر، پێکهاتوون لە:

 

- فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە 

- ئیحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل، وەزیری نەوت

- ئیڤان فائیق یەعقووب، وەزیری کۆچ و کۆچبەران

- عەلا ئەحمەد حوسێن، وەزیری بازرگانی

- محەممەد کەریم جاسم، وەزیری کشتووکاڵ

- سالار عەبدولستار محەممەد حوسێن، وەزیری داد 

- حەسەن نازم عەبد حەمادی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار 

 

فوئاد حوسێن، کە ئەمڕۆ بە دەنگی زیاتر لە 250 پەرلەمانتار بووە وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشتر وەزیری دارایی بوو لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی و چەند ساڵێکیش سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بووە.

فوئاد حوسێن:

- ساڵی 1946 لە خانەقین لەدایکبووە 

- کاتێک لە بەغدا خوێندکار بووە، پەیوەندی بە ریزەکانی پارتی کردووە 

- لە دوای نسکۆی شۆڕش کۆچی کردووە بەرەو هۆڵەندا

- لە هۆڵەندا دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەدەستهێناوە

- جگە لە کوردی زمانەکانی: عەرەبی، هۆڵەندی و ئینگلیزیش بەباشی دەزانێت

- لە 2005 بۆ 2018 سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بووە

- 2019 وەزیری دارایی بوو لە حکومەتی عادل عەبدولمەهدی

- ئەمڕۆ (شەممە، 6-6-2020) وەکو وەزیری دەرەوەی عێراق متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا