سێ روانین بۆ ئاڵۆزییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین
'داخوا چاره‌نووسی ئێمه هه‌ر له‌گه‌ڵ کوشتار و وێرانی گرێدراوه؟ دوو شه‌ڕی جیهانی کۆتایی هات، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دامه‌زرا، جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ په‌سه‌ند کرا، به‌ڵام بۆچی ئاگری شه‌ڕ و کوشتار له ناوچه‌ی ئێمه قه‌ت ناکوژێته‌وه؟' ئه‌وه پرسیارێك بوو که خه‌ڵکانی وڵاتانی ئاسیای دوور بۆ چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك دوای کۆتایی شه‌ڕه جیهانییه‌کان هه‌ر له خۆیان ده‌پرسی.
وڵاتانی کۆریا، چین، ئیندۆنیزیا، به‌نگلادیش، ڤێتنام، کامبۆج،... له ئاگری چه‌ندین شه‌ڕی ناوچه‌یی و ناوخۆییدا ده‌سووتان. به‌ڵام له 1975 به‌ولاوه تۆزه تۆزه ئه‌و وڵاتانه رووی ئاسایشیان به خۆیانه‌وه دی. دوای ماوه‌یه‌ک وای لێهات پێوه‌ندی ئابووری و دیپلۆماسی جێگای شه‌ڕ و کوشتاری گرته‌وه. ئێستا نزیك به چوار ده‌یه‌یه که ئه‌و ناوچه‌یه نه ته‌نیا گه‌شه‌ی کردووه که بووه‌ته یه‌کێک له سێ بلۆکی سه‌ره‌کی جیهان. له هه‌موو لێکدانه‌وه سیاسی و جیهانییه‌کاندا باسی گلۆبالیزم جێی خۆی گۆڕیوه‌ته‌وه به ریجینالیزم یا ناوچه‌گه‌ری. واته ئێستا سێ ناوچه‌ی جیهان؛ باکووری ئه‌مریکا، رۆژئاوای ئه‌وروپا، رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا به‌شی زۆری سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی جیهانیان له خۆیاندا کۆکردووه‌ته‌وه. ئێستا ژاپۆن سه‌روه‌ری ئابووری چینی قبول کردووه و بوونه‌ته شه‌ریك ستراتیژێکی یه‌کتر له حاڵێکدا که مێژوویه‌کی خوێناوی داگیرکاری و دوژمنایه‌تییان هه‌بوو. کۆریاش به هه‌مان شێوه. هه‌روه‌ها ڤێتنام و کامبوج و ئیندۆنیزیا و به‌نگلادیش سه‌رمایه‌یه‌کی زۆری جیهانیان بۆلای خۆیان راکێشاوه و هێزی ئینسانی خۆیان ده‌فرۆشن و هه‌موو جوره که‌لوپه‌ل بۆ وڵاتانی جیهان هه‌نارده ده‌که‌ن.
بڵێی رۆژێك دابێ خه‌ڵکانی رۆژهه‌ڵاتی ناوینیش رووی شادی و ئاسایش به خۆیانه‌وه ببینن؟ ئه‌وه هه‌ر ئه‌و پرسیاره‌یه که هه‌تا چوار ده‌یه‌ی پێشوو خه‌ڵکانی وڵاتانی ئاسیای دوور له خۆیان ده‌پرسی. ئه‌گه‌ر واز له خۆزیا و بریا بهێنین و حه‌ول بده‌ین وه‌ڵامێکی زانستی بۆ ئه‌و پرسیاره بدۆزینه‌وه به‌راورووی سێ وه‌ڵامی ته‌واو جیاواز ده‌بینه‌وه. هێندێك له پسپۆرانی سیاسی و کارناسانی پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان پێیانوایه کێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین کێشه‌یه‌کی کولتووری و ئایینییه و نه ته‌نیا پێوه‌ندی به رووداوه‌کانی سه‌رده‌م نه‌داوه به‌ڵکو لانی که‌م رابردوویه‌کی هه‌زارو چوارسه‌ت ساڵه‌ی هه‌یه. گرووپێکی دیکه که له روانینی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگا و پێوه‌ندییه ئابووری و چینایه‌تی/ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه ده‌ڕواننه کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، سه‌رچاو‌ه‌ی کێشه‌کان زۆر قووڵ نابینن و نایگه‌ڕێننه‌وه بۆ زیاتر له هه‌زاران ساڵی پێشوو به‌ڵکو له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که ئه‌و قۆناغه مۆدێرنه‌ی وڵاتانی رۆژئاوایی له چه‌ند سه‌ده‌ی رابردوودا تێپه‌ڕیان کردووه له رۆژهه‌ڵاتی ناوین تێپه‌ڕنه‌کراوه. ئاخر گرووپیش که‌سانێکن که پێیانوایه ئه‌م به‌شه له جیهان وه‌کو زۆربه‌ی ناوچه‌کانی جیهان بووه و هیچ رابردووێکی هه‌زار و چوارسه‌ت ساڵه یا ته‌نانه‌ت چه‌ند سه‌ت ساڵه‌ش بۆ کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین نابینن، به‌ڵکو پێیانوایه رێك له دوای کۆتایی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانییه‌وه و به هۆکاری ده‌ره‌کی، ئاڵۆزییه‌کان ئه‌و ناوچه‌یه‌ی گرتۆته‌وه و فاکته‌ره ناوخۆییه‌کان ده‌وری که‌متریان هه‌بووه له سازبوونی ره‌وشی ئێستای رۆژهه‌ڵاتی ناوین.
کێشه‌که کاتێك ئاڵۆزتر ده‌بێ که ده‌بینین هه‌ر کام له‌و سێ روانینه جیاوازه، هاوکات سێ رێگه‌چاره‌ی ته‌واو جیاواز و ته‌نانه‌ت دژ به‌یه‌کیش پێشکه‌ش ده‌که‌ن. روانینی یه‌که‌م که له هه‌ردوو جه‌مسه‌ری شه‌ڕه‌که لایه‌نگری هه‌یه پێیوایه هه‌تا مه‌وزوعی ئایین و کو‌لتوور یه‌کلانه‌بێته‌وه هیچ به هیچ ناکرێ. واته له بێرنارد لویس و ساموێل هانتینگتۆنه‌وه بگره هه‌تا بن لاد‌ن و مه‌لا ئه‌بوبه‌کر له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن هزر و بیری لایه‌نی به‌رانبه‌ریان ده‌بێ ته‌واو له‌ناو بچێ. روانینی دووه‌میش هیچ رێگه چاره‌یه‌کی پێشکه‌ش ناکا که که‌متر له سه‌ده‌یه‌ک کاتی پێویست نه‌بێ! واته کۆمه‌ڵگای وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌بێ په‌ره بستێنێ، چینی مامناوه‌ند و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی پێکبهێنرێ، شه‌ڕی کار و سه‌رمایه بگاته لووتکه هه‌تا دواتر سازشێ له نێوانیاندا رووبدا ئینجا وه‌کوو وڵاتانی رۆژئاوایی شاهیدی سیستمێکی سۆسیال دیمۆکرات بین. رێگه‌ی گرووپی دووه‌م ماقووڵتر دێته به‌رچاو، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێکیان نییه کاتێك لێیان ده‌پرسی باقی وڵاتانی جیهانیش – بێجگه له وڵاتانی رۆژئاوایی- ئه‌و قۆناغه‌یان تێپه‌ڕنه‌کردووه، ئه‌دی بۆ به ئاکامێکی زۆر جیاواز له رۆژهه‌ڵاتی ناوین گه‌یشتوون. هه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاسیای دوور زۆربه‌یان قۆناغی مۆدێرنیته‌ی رۆژئاواییان تێپه‌ڕنه‌کردووه، به‌ڵام ئێستا به سه‌ر هه‌موو کێشه‌کانی خۆیاندا زاڵ بوون و پێکه‌وه بلۆکێکی گرنگی جیهانییان پێکهێناوه.
ئه‌و سه‌رده‌مه بهێنینه پێش چاومان که سه‌رتاسه‌ری ئاسیای دوور له کڵپه‌ی ئاگردا ده‌سووتا و هه‌ر وڵاته‌ی به شێوه‌یه‌ك خاپوور ببوو. ئه‌گه‌ر که‌سێك گوتبای خاکی ئه‌م وڵاتانه نفرین کراوه، یا گوترابا هه‌تا کۆنفۆشیوس و بودیزم له‌م ناوچه‌یه‌دا مابێ، خه‌ڵکانی ئه‌م وڵاتانه رووی خۆشی به خۆیانه‌وه نابینن، ره‌نگه زۆرکه‌س قبوڵی کردبا. ئێستا ده‌بینین ئه‌و قسانه به نیسبه‌ت رۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌وه ده‌کرێ. ترامپ ده‌ڵێ خاکی رۆژهه‌ڵاتی ناوین نفرین کراوه. یا بێرنارد لویس ده‌یگوت ئه‌و خه‌ڵکه بۆخۆیان دوژمنی خۆیانن و هیچ پێویستییان به دوژمن نییه! یا مه‌لا ئه‌بوبکر و خامنه‌یی پێیانوایه هه‌تا کافر و جووله‌که مابن ده‌بێ به دژیان جیهاد بکه‌ین. به‌ڵام به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی ورد له رووداوه‌کانی 1918 به‌ملاوه بۆمان ده‌رده‌که‌وێ رۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌کرا چاره‌نووسێکی زۆر باشتری هه‌بوبا و هیچ پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆی به رابردوویه‌کی زۆر دووره‌وه نییه. ئێستاش هه‌ر هیوا هه‌یه به زاڵبوونی عه‌قڵانییه‌ت و به بیرکرنه‌وه له چاره‌نووسی هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، ئاسۆیه‌کی به بێ ته‌م و دوکه‌ڵ و ئاگر بۆخۆمان ببینین. حه‌ول ده‌ده‌م له چه‌ند نووسراوه‌ی داهاتوودا په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ره‌و ئه‌و ئاسۆیه روونه بکه‌مه‌وه.