مه‌حکومین به خۆگونجاندن
ره‌وتی ئاڵۆگۆره‌کانی جیهان خێراتر بووه‌ته‌وه. له مانگی نیسان دا سیستمی سیاسی له سێ وڵاتی ئه‌لجه‌زایر و سودان و ڤێنیزۆێلا شێوا. له دوویان واته سودان و ئه‌لجه‌زایر دوو دیکتاتۆر له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه له کورسی ده‌سه‌ڵات دابه‌زێنرانه خوارێ و یه‌کیان توندی به‌ندیخانه کرا. له ڤه‌نزوێلاش دیکتاتۆرێک ئێستا لاقی له سه‌ر لێواری رووخان و دابه‌زینه.
جیهان بۆ دیکتاتۆره‌کان بچوک و بچوکتر ده‌بێته‌وه. هه‌تا سه‌ده‌ی بیست ئه‌وه هه‌ر دیمۆکراسیه‌کان بوون که له گه‌مارۆی دیکتاتۆریه‌کان دابوون، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه سیستمه سه‌ره‌ڕۆ و دیکتاتۆرییه‌کانه که له گه‌مارۆی وڵاته دیموکراته‌کاندان. مل که‌چ کردن بۆ ده‌نگی خه‌ڵک ئیتر شتێ نیه که ئه‌گه‌ر و گومان و تێبینی له سه‌ر هه‌بێ. سیستمی دیموکراسی و ئاڵوگۆڕ له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و رێزگرتن له جیاوازییه‌کان و رێزگرتن له مافی که‌مینه بوونه‌ته بایه‌خه په‌سه‌ندکراوه‌کانی جیهان.
به‌ڵام له‌و نێوه‌دا هێندی واقعی تاڵیش هه‌ر وه‌کوو سه‌ده‌کانی پێشوو ماونه‌ته‌وه: جیهان دابه‌ش بووه به سه‌ر ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌کاندا، به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی هیچ گرنگێکی که‌متری نیه له دیمۆکراسی و به داخه‌وه زۆرجار وه‌پێش دیموکراسیش ده‌که‌وێ ته‌نانه‌ت له لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاواییشه‌وه که به لانکه‌ی دیموکراسی ناسراون.
سیستمی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه زۆر ره‌خنه‌ی دیکه‌شی له سه‌ره. لانی که‌م له سێ لایه‌نه‌وه فشاری له سه‌ره. له روانینی لیبراڵی و جیهان وه‌ته‌نیه‌وه، له لایه‌ن مارکسیسته‌کانه‌وه و هه‌روه‌ها له لایه‌ن باوه‌ڕمه‌ندانی حکومه‌تی دینیه‌وه سیستمی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه ره‌ت کراوه‌ته‌وه. رخنه‌کانی لایه‌نگرانی حکومه‌تی دینی لاوازن و نمونه‌کانی ئه‌م چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتدارییه له هه‌موو تاقیکردنه‌کانه‌وه به ئێران و سعودیشه‌وه سه‌رکه‌وتوو نه‌بوه باقی نمونه‌کانیش وه‌کوو تاڵیبان و قاعیده و داعش چاره‌نوسیان دیاره. به‌ڵام دوو ته‌وه‌ر له ره‌خنه‌کانی لیبراڵه‌کان و مارکسیسته‌کان ئێستاش له زانکۆکان و له لایه‌ن بیرمه‌ند‌ه‌کانه‌وه باسی لێده‌کرێ و که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ.
لێره‌دا مه‌به‌ست هه‌ڵسه‌نگاندنی دروست بوون یا هه‌ڵه بوونی رخنه‌کان له سه‌ر سیستمی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه نیه.
باسه‌که له سه‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌م سیستمه به باش یا به خراپ له لایه‌ن جیهانه‌وه په‌سه‌ند کراوه و کاری پێده‌کرێ و به شیوه‌یه‌ک خۆشی له‌گه‌ڵ سیستمی دیموکراسی گونجاندووه. واته به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و دیمۆکراسی سه‌رباقی وه‌یکه زۆرجار ناته‌بان به‌ڵام هه‌ردووکیان خۆیان به سه‌ر دیسکورسی زاڵی جیهانیدا سه‌پاندوه. ئێمه‌ی کورد له‌و نێوه‌دا چیمان پێ ده‌کرێ؟
به نیسبه‌ت رخنه‌ی لیبراڵه‌کان که بڕوایان به ئازادی مرۆڤ و ده‌سکردبوونی سنوره‌کان و دروست بوونی جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ هه‌یه بێده‌نگیه‌ک به نیسبه‌ت کێشه‌ی ئابوری جیهان ده‌بیندرێ واته ئه‌وان هیچ پێشنیازێکی روونیان بۆ بنبه‌ڕکردنی ناعه‌داله‌تی له جیهاندا نیه.
راسته که هه‌رچی سنووره له سه‌ر گۆی زه‌ویی ده‌سکرده و بست به بستی سنوره‌کانی جیهان خوێنی لێ رژاوه و ته‌نانه‌ت هێندێکیان ئێستاش خوێنی لێده‌تکێته‌وه به‌ڵام چ بکه‌ین ک ئێستا ئێمه وڵاتاتێکی لیبراڵی جیهانیمان نیه! چ بکه‌ین که کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ناتوانێ رۆڵی پارله‌مانی جیهان بگێڕێ. ئه‌گه‌ر هاتوو رۆژێک شه‌پۆلی جیهان وه‌ته‌نی به‌شێک له جیهانی گرته‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌نیا چوار وڵاتی پێشکه‌وتوو له چوار گۆشه‌ی جیهان حازر بوون واز له سنوره‌کانی خۆیان بهێنن و له پێناو سازکرنی وڵاتێکی لیبراڵی جیهانیدا هه‌نگاوێک بنێنه‌وه، شه‌رت بێ ئێمه‌ی کورد پێنجه‌م نه‌ته‌وه‌ی جیهان بین که واز له ویسته نه‌ته‌وه‌یه‌کانمان بهێنین و په‌یوه‌ست به‌و ره‌وته جوان و مرۆڤدۆستانه بین. به‌ڵام له حاڵی حازردا ئه‌وه هه‌ر خه‌ون و خیاڵه و ئێمه‌ش مه‌جبورین هه‌ر بیر له به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان بکه‌ینه‌وه وه‌کوو باقی وڵاتانی جیهان.
سه‌باره‌ت به رخنه‌ی مارکسیسته‌کان که به دروستی باس له نادادپه‌روه‌ری له جیهان دا ده‌که‌ن، جیهانێک که هه‌ر ئێستا یه‌ک میلیارد مرۆڤ په‌رۆشی بژێوی ژیانی رۆژانه‌ن و خاوه‌ن سه‌رمایه‌کان جیهانیان خواردووه. مارکسیسته‌کان راست ده‌که‌ن. به‌راستی هه‌ر دوو چه‌مکی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراسی قسه‌یه‌کیان نیه و رێگایه‌کیان بۆ چاره‌ی ئه‌م کێشه قووڵه پێ شک نایه به‌ڵام به داخه‌وه هه‌رچی حه‌ولیش تاکوو ئێستا به ناوی سوسیالیسم و مارکسیسم و عه‌داله‌ته‌وه دراوه ته‌نیا هه‌ژاری زیاتر و دیکتاتۆری ملهۆڕتری لێ که‌وتووه‌ته‌وه ئاخرین نمونه‌که‌ی مادۆرۆ سه‌رۆکۆماری ڤه‌نزوێلایه که وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی نوقمی برسیه‌تی و گه‌نده‌ڵی کردوه. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش هه‌رکات نوسخه‌یه‌کی ئه‌مڕۆیی له سوسیالیسم و دادپه‌روه‌ری دۆزرایه‌وه، هه‌ر کات چوار وڵاتی پێشکه‌وتوو حازر بوون له پێناو گه‌یشتن به‌م عه‌داله‌ته واز له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بهێنین شه‌رت بێ ئێمه‌ی کوردیش ئاڵای سوور بشه‌کێنینه‌وه و وه‌کوو پێنجه‌م نه‌ته‌وه‌ی جیهان تێکه‌ڵ به کاروانی سازکردنی وڵاتێکی جیهانی بێ چیانه‌یه‌تی و سه‌رمایه‌داری بین به‌ڵام کاتێک که ئێستا هه‌موو وڵاته‌کانی جیهان به وڵاته دیموکرات و پێشکه‌وتووه‌کانیشه‌وه خۆیان له وه‌ها حه‌ولێک نه‌داوه، ئێمه هه‌ر ده‌بێ دیسان بیر له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان بکه‌ینه‌وه.
ئێمه ده‌بێ شته باشه‌کانی لیبرالیسم و سوسیالیسم وه‌ربگرین و تا ئه‌وه‌نده‌ی که بۆمان ده‌گونجێ له‌گه‌ڵ دوو چه‌مکی دیموکراسی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ئاشتییان بده‌ینه‌وه و وه‌کوو هێندێک له وڵاتانی ئه‌ورووپایی سیستمێکی سوسیال دیموکرات دابمه‌زرێنین و رێز له مافی مرۆڤ، مافی که‌مینه‌کان، بیروبۆچونه جیاوازه‌کان بگرین. پابه‌ند بین به پێکه‌وه کار کردن و یه‌کدی قبوڵ کردن. ته‌مرینی ئاڵۆگۆڕی ده‌سه‌ڵات بکه‌ین، عه‌شیره گه‌ری و ناوچه‌گه‌ری وه‌کوو دوو دیارده‌ی دژی نه‌ته‌وه سازی و هاووڵاتی بوون بنه‌بڕ بکه‌ین. له چوارچێوه‌ی سیستمی ئێستای جیهانیدا خۆمان بگونجێنین و هاوکات ئاماده بین له هه‌موو ئاڵۆگۆڕێکی ئه‌رێنی چ به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی جیهانی لیبراڵ یا کۆمه‌ڵگایه‌کی جیهانی به دوور له کاپیتالیزم پێشوازی بکه‌ین. به‌ڵام نه ئه‌رکی گۆڕینی جیهان به ئێمه سپێردراوه و نه بۆمان ده‌چێته سه‌ر. مه‌حکومین به خۆگونجاندن هه‌ر به‌ر سیستمه‌ی ئێستای جیهان له سه‌ر بنه‌مای دیموکراسی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی.