ماڕادۆنا هێرشێكی توند ده‌كاته‌ سه‌ر مێسی و داوا ده‌كات له‌ كۆڵ وڵاته‌كه‌ی ببێته‌وه‌

ماڕادۆنا: من راهێنه‌ر بام مێسیم بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا نه‌ده‌كرد

دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا جارێکی دیکە هێرش دەکاتەوە سەر لیۆنێل میسی هاونیشتیمانی و پێیوایە کە واز لە میسی بهێنن و ئەوندە خەریکی نەبن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەفسانەکەی پێشووی تانگۆ دەڵێت کە میسی بە کەلک سەرکردایەتی نایەت.

ماڕادۆنا ده‌شڵێت: پێویستە واز لە میسی بهێنین، ئەو یاریزانێک بووە لە ئارجێنتینا، من ئەگەر ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەکە بام، ئەوا هیچ کاتێک ئەوم بانگهێشت نەدەکرد، میسی یاریزانێکی گەورەیە، بەڵام هیچ کاتێک نەیتوانی سەرکردایەتی تانگۆ بکات و لە داهاتووشدا ناتوانێت ئەم کارە بکات.

ماڕادۆنا گوتیشی: ئەو پێش ئەوەی قسە لەگەڵ راهێنەر و یاریزانەکان بکات، خۆی خەریکی پلەیستەیشن دەکات و پاشان دەیەوێت سەرکردەی تیپەکەی بێت. پێویستە فشارەکانی لەسەر کەم بکەینەوە و سەرکردایەتی لێوەرگرین و میسیەکی سادە بێت لە ئارجێنتینا.

ماڕادۆنا له‌ كۆتاییدا ده‌شڵێت: بێگومان ئەو لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی جیهانە، بەڵام یاریزانێک کە زیاتر لە 20 جار پێش یارییەکان بچێتە توالێت، ئەوا کەلکی ئەوەی نیە ببێتە سەرکردە.