دوایین زانیاری له‌سه‌ر یارییه‌كه‌ی به‌رازیل له‌ كۆپا ئه‌مریكا

به‌رازیل دوایین ئاماده‌كاری بۆ دووه‌مین یاری خۆی له‌ كۆپا ئه‌مریكا ته‌واو كرد

هەڵبژاردەی بڕازیل لە دووەم یاری قۆناخی کۆمەڵەکانی کوپا ئەمریکای2019 دوای بردنەوەی یەکەمیان بەرامبەر بولیڤیا، ئەمجارەیان رووبەرووی ڤەنزویلا دەبنەوە و دەیانەوێت بە بردنەوە لەم یارییەدا بلێتی قۆناخی داهاتوو مسۆگەر بکەن، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بڕازیلیەکان له‌ کوپا ئەمریکای رابردوو هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاوایی کردووە.

یاریزانانی سامبا لە یەکەم یاریدا توانیان بە سێ گۆڵی بێ وەڵام لە بولیڤیا ببەنەوە و سەدەمین بردنەوەشیان لە مێژووی کوپا ئەمریکا نوسیەوە، له‌ كاتژمێر 3:30ـی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مشه‌ویش رووبه‌ڕووی ڤێنزویلا ده‌بێته‌وه‌.

هاندەرانی سامبا نیوەی یەکەمی یارییەکەی رابردوو لە ئاستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەیان رازی نەبوون و بۆیە هۆتافیان لە دژی یاریزانەکانیان لێدا، بۆیە دوای یارییەکە تیتێ راهێنەریش هەمان بۆچوونی هاندەرانی هەبوو و داوای لە یاریزاکانی کردووە ئەگەر بیانەوێت ببنە پاڵەوان، ئەوا پێویست دەکات زیاتر خۆیان ماندوو بکەن.

جاری یەکەم هەردوو هەڵبژاردە لە کۆپا ئەمریکای 1975 رووبەرووی یەکتری بونەوە، ئەو کاتە بڕازیلیەکان توانیان یارییەکە بە چوار گۆڵی بێ وەڵام ببەنەوە، دواتر شەش جاری دیکە یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە و ڤێنزوێلا لە هیچ یارییەک براوە نەبووە و تەنها لە کۆپا ئەمریکای 2011 لەگەڵ رکابەرەکەی بە بێ گۆڵ بەرامبەربوون.

یاریزانانی سامبا کۆپا ئەمریکای رابردوو ریکۆردێکی خراپیان بە دوای خۆیاندا بەجێهێشتووە، ئەوان هەر لە قۆناخی یەکەمەوە دوای بردنەوەیەک، دۆڕانێک و بەرامبەربوونێک ماڵئاواییان کرد و دوای 29 ساڵ جارێکی دیکە لە قۆناخی کۆمەلەکانەوە کۆپا ئەمریکایان بەجێهێشت.

بۆ جاری یەکەم لە کۆپا ئەمریکای 1975ـەوە ئەم پاڵه‌وانێتییه‌ لەسەر شێوازی کۆمەڵەکان بەڕێوەچوو، لەو کاتەوەش 16 پاڵەوانیەتی بەرێوەچووە و بە گشتیش بڕازیلیەکان چواردە جار قۆناخی کۆمەڵەکانیان تێپەڕاندووە و لە بەرامبەردا دووجار سەرکەوتوو نەبوون لە تێپەڕاندنی قۆناخی کۆمەڵەکان.

لە بەرامبەردا ڤێنزویلا باشترین ئەنجامی لە کۆپا ئەمریکای 2011 بوون، کاتێک توانیان پلەی سێیەم بەدەست بێنن و لە وەشانی رابردووش تاوەکو قۆناخی چارەگی کۆتایی سەرکەوتن، بەڵام لەوێ بەرامبەر ئارجێنتینا تووشی دۆران بوون.