نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدان جارێکی دیکە درێژکرایەوە

داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمار بکەن

K24 - هه‌ولێر:

فەرمانگەی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، کە پڕۆسەی تۆمارکردنی بایۆمتری و دابەشکردنی کارتی بایۆمتری دەنگدان بەردەوامە و رێنمایی ھاووڵاتیان دەکەن، کە سەردانی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن و رێکارەکانی دەرھێنانی کارتی بایۆمتری تەواو بکەن.

وابڕیارە مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە زۆر رووەوە لە هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیکە جیاوازە، چونکە شێوازی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکە و دیاریکردنی کاندیدەکانیش جیاوازە، لە ھەمووی گرنگتر پێویستە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە ھەر دەنگدەرێك کارتی بایۆمتری دەنگدانی ھەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە سەردانی ناوەندەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکات، چونکە بە گوتەی ئامانج عەزیز، بەرپرسی لقی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، پێویستە ھەر دەنگدەرێك رۆژی دەنگدان کارتی بایۆمتری نوێی دەنگدانی پێبێت.

ھەڵبژاردن مافێکی دیموکراسی ھەر تاکێکە، بە بۆچوونی ئارام جەمال، شارەزای بواری ھەڵبژاردن، گرنگە ھاووڵاتیان سەردانی ناوەندەکانی نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان بکەن و ئەو مافە دیموکراسییەی خۆیان مومارەسەبکەن.

پێویستە ھەر ھاووڵاتییەك سەردانی ناوەندێکی کۆمسیۆن دەکات، کارتی نیشتمانی یان پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقی و کارتی زانیاری و فۆڕمی خۆراکی پێبێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی (79) ناوەندی کۆمسیۆن رۆژانە لە (8)ی بەیانی تا (3)ی دوای نیوەڕۆ پێشوازی لە ھاووڵاتیان دەکەن، ئەمە جگە لەوەی لە نێو فەرمانگەکان تیمیان ھەیە و تیمی گەڕۆکیش رۆژانە سەردانی ھاووڵاتیان دەکەن و کارتی بایۆمتری نوێدەکەنەوە، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە (18) کورسی بۆ سلێمانی تەرخان کراوە و دابەشکراوە بە سەر (5) بازنەدا، (2) بازنەی قەزای ناوەندی سلێمانییە و (3) بازنەکەی دیکە دابەشکراون بەسەر ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و ھەڵەبجە، ھاوکات نزیکەی ملیۆنێک و (361) ھەزار دەنگدەر مافی دەنگدانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ھەیە.

د.ی