توركمان و عەرەبەكانی كەركووك 48 كاتژمێر دەدەنە كۆمسیۆن

حكوومەتی عێراق و كۆمسیۆن لە ئەنجامەكان بەرپرسیارن
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

خۆپێشاندانی تورکمان و عەرەبەکان لە کەرکووك هەفتەیەکە بەردەوامە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەن و 48 كاتژمێریان وەك وادەی دوابڕیار بە كۆمسیۆن داوە، جگە لەو لایەنانەش شەش لایەنی کورد هاوشێوەی پێکهاتەی عەرەب و تورکمان گومانیان لە ئەنجامەکان هەیە و دەڵێن، ساختەکاری کراوە و پەنجەش بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان درێژ دەکەن، بەرپرسانی ئەو حزبەش دەڵێن، ئەو دەنگانەی هێناویان هێشتا دەنگی خۆیان نییە و رێژەی دەنگەکانیان کەمیکردووە.

ئستبرق یزدان ئۆغڵو، ێکخەری خۆپێشاندانی تورکمانەکان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە تەنھا 48 كاتژمێری دیكە چاوەڕێی كۆمسیۆن دەكەین تا ئەنجامی سكاڵاكەمان یەكلایی دەكرێتەوە، دوای ئەو ماوەیە سەركردە و جەماوەرەكەشمان بڕیاری كۆتایی دەدەین، یان مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیەنین یان كاردانەوەكان توندوتیژیان لێدەكەوێتەوە، حكوومەتی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان لە ئەنجامەكەی بەرپرسیارن".

بە تەنها عەرەب و توکمانەکان نین، بەڵکو شەش لایەنی کوردیش بەهەمان شێوە تانەیان لە ئەنجامەکان هەیە، لایەنە کوردییەکان نایانەوێت لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکان داواکەیان تێکەڵ بكەن، بۆیە سکاڵایان لەو شارە تۆمار نەکردووە.

لەوبارەوە سەید حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت: "ئێمە لە ھەرێمی كوردستان سكاڵامان تۆمار كردووە، لە سكاڵاكەماندا باسی ئەوەكراوە كە دەبێت لە كەركووكیش ھەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، وەك كورد لە كەركووك سەركەوتوونین پێشتر 8 كورسیمان ھەبوو ئێستا یەك لایەن كورسییەكانی وەكخۆی ماوەتەوە 6 كورسی ھەیە".

جەمال شوکر، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی كەركووكی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "راستە ئێمە شەش كورسیمان لە كەركووك بە دەستھێناوە، بەڵام بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەكانی پێشتر دوو كورسیمان كەمكردووە، لە رووی نەتەوەییەوە پێمان ناخۆشە لایەنە كوردییەكان لە كەركووك لە بەرەی عەرەب و توركمانەكانەوە بن".

جگە لە یەکێتی هەموو هێزە سیاسییەکانی کەرکووك ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتدەکەنەوە و دەڵێن، بادەنگی نێو سندووقەکان بە دەست ئەژمار بکرێت و کار بە سیستمی ئەلیکترۆنی نەکرێت.

ھ.م