هونەرمەندێکی کورد له‌ فيستيڤاڵێكى نێوده‌وڵه‌تيدا خەڵات كرا

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەمایی لە شاری بۆمبایی هندستان بەبەشداری دەیان کورتە فلیمی بەرهەمی سینەماکارانی جیهان رێکخرابوو

K24 – هه‌ولێر:

حه‌مەعەلی خان لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی لە هيندستان وەک ئەکتەری سەرەکی کورتە فیلمی سینەمایی کوردی (جەلادی خەونەکان) خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا.

حه‌مەعەلی خان، بە کوردستان24 راگەیاند، "فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەمایی لە شاری بۆمبایی هندستان بەبەشداری دەیان کورتە فلیمی بەرهەمی سینەماکارانی جیهان رێکخرابوو تێيدا کورتە فیلمی  سینەمایی کوردی (جەلادی خەونەکان) خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا"٠

گوتیشی: "کورتە فیلمی جەلادی خەونەکان لە نووسین و دەرهێنانی دەروێش عومەرە و ماوەکەی بیست خولەکە و باس لە تیرۆر و قوربانیدانی جەلاد دەکات".

ئاماژەی بەوەشدا، " کاری وێنەگرتنی لە ناوچەی کۆیە بۆکراوە".

حه‌مەعەلی خان ساڵی ۱۹٦٠ لەسلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی به‌شی سینه‌مای ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدایه‌ و لە دەیان فيلمی سینەمایی و درامای کوردی کارەکتەری سەرەکی بەرجەستەکردووە و لەچەندین فیستیڤاڵی فيلم خەڵاتی بەدەستهێناوە.