تیپی مۆسیقای سلێمانی یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

تیپی مۆسیقای سلێمانی بە بۆنەی یادی 50 ساڵەی دامەزراندنیەوە، ئاھەنگی یۆبێلی زێڕینی دەکاتەوە، تیپی مۆسیقای سلێمانی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ پارێزگاری لە رەسەنایەتی و بوژاندنەوەی ھونەری کوردی کردووە.

تیپی مۆسیقای سلێمانی لە سەردەستی کۆمەڵێک لە دڵسۆزانی ھونەری کوردی لە شاری سلێمانی لە ساڵی 1967، بە دەسپێشخەری کۆمەڵێک ھونەرمەندی بە توانا دامەزراوەو لە ساڵی 1973 بە شێوەیەکی فەرمی مۆڵەتی کارکردنی لە لایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە وەرگرتووە، ئەم تیپە خاوەنی چەندین شاکاری ھونەری ناوازەیە لەوانەش گۆرانی پەشیمانی ھونەرمەند ئیبراھیم خەیات و، یاران وەسێتمی کەریم کابان و ھاوار سەد ھاواری شەماڵ سائیب، لەگەڵ چەندین بەرھەمی دیکەی ناوازەو مێژوویی.