كچە كوردێك لە ماڵەكەی خۆیدا چەندین جۆر سابوون بەرھەم دەھێنێ
K24 - سلێمانی
كچە كوردێك لە شاری سلێمانی چەند جۆر سابوون لە ماڵەكەی خۆی دروست دەكات، ئاماژە بەوەش دەكات ئەو سابوونانە لە كەرەستەی سرووشتی دروست دەكات.
کۆژین فایەق، تەمەنی 28 ساڵە و دەرچووی کۆلیژی کشتوکاڵی و دانیشتووی شاری سلێمانییە، پێنج مانگه لە ماڵەی خۆیدا به سوود وهرگرتن له چهند مادەیهكی سرووشتی، چەند جۆره سابوونێك بەرهەم دەهێنێت و دهشڵێت "خولیاو خەونەکانم بۆ کارێکی تایبەت بە خۆم ھاتووەدی".
کۆژین، بە كوردستان24 گوت: "ماوەی پێنج مانگە خەریكی پیشەی دروستكردنی سابوونم، سەرەتا بە سەیركردنی ڤیدیۆیەك لە یوتوب بیرۆكەكەم بۆ ھات، دواتر چەندین سەرچاوەم خوێندەوە، پاشان مامۆستایەكم لە وڵاتی سعوودییە ناسی ھەموو شتەكانی لەسەر دروستكردنی سابوون پێ وتم".
گوتیشی: "رەنگە من تاكە كەس بم بەمشێوازە سابوون دروست بكەم، زۆرگرنگی بە كوالیتی دەدەم ئەوەی درەستی دەكەم زۆر سرووشتییە".
وهك خۆی باس دهكات كۆژین، بۆ دروستکردنی هەر جۆرە سابوونێک سەرەتا خوێندنەوەى تەواوى بۆ دەکات، تا بە شێوەیەکى زانستى بهرههمی بێنێت، سەرجەمی کەرەستەکانى سابوونەکە سرووشتین، له چەند جۆره گوڵێك، زەیت، دارچین، زەردەچەوە، رەشکە، هەنگوین ومیوەی وشککراو، کە خۆی وشکیان دەکاتهوه سابوونهكه بهرههم دێنێ، جگە لەوە جۆرەکانیش بۆ گەورەو منداڵان جیادەکاتەوە.