به‌وێنه.. 70 ساڵ به‌سه‌ر درووستكردنی یه‌كه‌م ئامێری كۆمپیوته‌ردا تێده‌په‌ڕێت
K24- هه‌ولێر:
به‌ر له 70 ساڵ، له 21ی حوزه‌یرانی ساڵی 1948 له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مرۆدا، یه‌كه‌م ئامیری ژمێره‌ر "كۆمپیوته‌ر" له‌سه‌ر ئاستی جیهان له شاری مانچسته‌ری به‌ریتانیا درووستكرا.
یه‌كه‌م نه‌وه‌ی ئه‌و ئامێره قه‌باره‌كه‌ی به‌قه‌د قه‌باره‌ی ژوورێكی گه‌وره‌ی نووستن بوو و، له یه‌كێك له تاقیگه‌كانی زانكۆی مانچسته‌ر درووستكرا و، له كاتژمێر 11ی ته‌واوی به‌یانی 21ی حوزه‌یرانی 1948، هه‌موو كاره‌كانی ته‌واو بوو و، زانایانی ئه‌و سه‌رده‌مه ناویان نا "The Baby"، واتا تازه له‌دایكبوو. ئه‌و كۆمپیوته‌ره هه‌ر كارێكی له ماوه‌ی 52 خوله‌كدا ئه‌نجامی ده‌دا، كه له‌و ماوه‌یه‌دا 3.5 ملیۆن كرده‌ی ژماره‌یی به‌ڕێوه ده‌برد.
درووستكردنی ئه‌و ئامێره، بوو به ده‌روازه‌ی شۆڕشێكی نوێی ئه‌لیكترۆنی كه گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنی زۆری تێدا كرا و، توانرا له‌ماوه‌ی ده‌یان ساڵی رابردوودا قه‌باره‌ی ئامیری ئه‌لیكترۆنی له قه‌باره‌ی ژوورێكی گه‌وره‌ی نووستن بۆ قه‌باره‌ی مۆبایلێك بچووك بكرێته‌وه، كه بتوانرێت له‌ناو له‌پی ده‌ست هه‌ڵبگیرێت.
جۆردۆن تۆماس، كه تائێستاش له ژیان ماوه و ته‌مه‌نی 90 ساڵه، یه‌كێك بوو له به‌شداربووانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی زانكۆی مانچسته‌ر، كه ئه‌و كات ته‌مه‌نی ته‌نیا 19 ساڵ بووه، له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی "بی بی سی" ده‌ڵێت، "له‌و پڕۆژه‌یه‌دا ئه‌ركی من بیناكردنی په‌یكه‌ری فیزیایی كانزایی پڕۆژه‌كه بوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبگرێت و كاره‌كه‌م به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامدا.. ئێمه له سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانی به یه‌ك تیم ده‌ستمان به‌و كاره‌كه كرد، كه به‌ڕاستی سه‌ركێشییه‌كی گه‌وره بوو بۆ هه‌موومان".
تۆماس ده‌ڵێت: له‌ڕووی قه‌باره‌وه هیشتا به‌لای ئه‌و ئامێره‌كه‌ی مانچسته‌ر بچووكترین ئامێری ئه‌لیكترۆنییه به به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ ئامێره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و سه‌رده‌م، كه قه‌باره‌یان به‌قه‌د قه‌باره‌ی باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره بوو. هه‌روه‌ك ده‌ڵێت "The Baby" بێشكه‌یه‌ك بوو بۆ گه‌شه‌كردنی سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی كۆمپیوته‌ری بازرگانی، كه له رۆژگاری ئێستادا ته‌واوی بازاڕه جیهانییه‌كانی ته‌نیوه.
H.B