رێگایه‌كی نوێ بۆ له‌ناوبردنی مشك به ئاسانی
K24- هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك توێژه‌ری زینده‌وه‌رزانی سكۆتڵه‌ندی له به‌رده‌وامی لێكۆڵینه‌وه و دۆزینه‌وه‌كانیاندا، رێگایه‌كی نوێیان دۆزیوه‌ته‌وه بۆ له‌ناوبردنی مشك و جورج جۆره‌كانی ئه‌و گیانه‌وه‌رانه، كه به فشه‌ڵكه‌ری شاره‌كان ناسراون و زیان به بناغه‌ی خانوو و بینایه‌كان ده‌گه‌یه‌نن.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانی، كه ئه‌نجامه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی زانایانی زانكۆی ئیدنبره‌ی بڵاوكردۆته‌وه، پسپۆرانی ئه‌و زانكۆیه له تاقیكردنه‌وه‌كانیاندا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و راستیه‌ی كه ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی ده‌ستكاریكردنی بۆهێڵه‌كان و ترشه ناوه‌كیه‌كانی سه‌ر كۆرمۆسۆمه‌كانی مشك كارێك بكه‌ن، به‌بێ ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌و گیانه‌وه‌ره دوای چه‌ند جیلێك خۆیان له‌ناو بچن.
زاناكانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه ده‌ڵێن، ئه‌م كاره پێویستی به دابه‌شكردنی شوێنێكی دیاریكراو له ترشی ناوه‌كی سه‌ر بۆهێڵه‌كان و كرۆمۆسۆمه‌كانی ناو خانه‌كانی مشكی هه‌یه كه له‌زمانی زانستی پێی ده‌گوترێت "CRISP-Cas9"، به‌شێوه‌یه‌ك گه‌ردی ئۆكسجینی دوانه O2 له‌ناو ترشه ناوه‌كییه‌كه لاببرێت، به‌مه‌به‌ستی لابردن و گۆڕینی سیفه‌ته بۆماوه‌ییه‌كان, پاشان مشكه‌كان بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ ژینگه‌كه‌یان له‌ناو مشكه‌كانی دیكه، ئه‌وا ئه‌و بۆهێڵه كه یه‌كه‌ی هه‌ڵگری بۆماوه‌یه له زینده‌وه‌رزانیدا، سیفه‌ته‌كان بۆ وه‌چه نوێیه‌كان ده‌گوازنه‌وه و، دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند وه‌چه‌یه‌ك، مێیه‌كان نه‌زۆك ده‌رده‌چن و نێره‌كانیش له‌دایك نابن، واتا سیفه‌تی (XY) نامێنێت ته‌نیا (XX) ده‌مێنێت.
له‌مباره‌یه‌وه غاس ماكفارلین جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئه‌م رێگایه له‌رووی مرۆڤایه‌تیه‌وه بۆ له‌ناوبردنی گیانه‌وه‌ره زیانبه‌خشه‌كان زۆر له رێگا كلاسیكیه‌كان باشتره، چونكه به‌بێ ئه‌شكه‌نجه‌دانی گیانه‌وه‌ره‌كه، ده‌توانی له‌ڕێگه‌ی ده‌ستكاریكردنی سیفه‌ته بۆماوه‌ییه‌كان كارێك بكه‌یت، كه دواتر خۆی له‌ناوبچێت.
پسپۆرانی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه په‌له له بڕیاری به‌كارهێنانی ئه‌م رێگه‌یان ناكه‌ن، چونكه پێویسته سه‌ره‌تا بیر له ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و كاره بكه‌نه‌وه، نه‌وه‌ك ببێته هۆی درووستبوونی گۆڕانێك له باڵانسی ژینگه‌ی زینده‌وه‌رزانی و دواتر په‌شیمانی هیچ سوودێكی نابێت. بۆیه ده‌یانه‌وێت زیاتر له بابه‌ته‌كه وورد ببنه‌وه.
پێشتریش له تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی هاوشێوه‌دا پسپۆرانی وڵاتی ئوستراڵیا بۆیان ده‌ركه‌وت، ده‌توانن رێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی مه‌لاریا بكه‌ن، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر مشك، به‌ڵكو تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و مێش و مێروانه بوو، كه تایبه‌ت به گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كان، ئێستاش ئه‌نجامی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه له ئوستراڵیا كاری پێ ده‌كرێت و، ئه‌نجامه‌كانیش تائێستا ئه‌رێنی بوونه.