سه‌رده‌می ناپاکیی وه‌ک تێکۆشان
له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژیین، که بانگه‌شه‌ی ناپاکیی وه‌ک تێکۆشان ده‌کرێت. چ شه‌رمه‌زارییه‌کی گه‌وره‌یه، که شه‌رمه‌زاریی جێگای شانازیی و شکۆی گرتۆته‌وه. چ به‌دبه‌ختییه‌کی گه‌وره‌یه، که به‌شێک له سیاسییه‌کان به‌دبه‌ختیی وه‌ک به‌رهه‌می به‌خته‌وره‌یی ده‌ناسێنن. چ کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه، که بته‌وێت ره‌نجی سه‌ت دانه ساڵی ره‌به‌ق، سانا بخه‌یته زبڵدانی مێژووه‌وه و خۆیشت ناو بنێنیت سیاسیی تێکۆشه‌ری کورد، ئه‌ندام په‌رله‌مانی کورد له عێراق، ئه‌ندام په‌رله‌مانی کورد له هه‌رێم، رۆشنبیری گه‌وره‌ی کورد...تد. زمانی کوردیی، زمانی تێکۆشانه، ئه‌وه‌شی کوردیی زمانه پێویسته تێکۆشه‌ر بێت. ئه‌وه‌ی کوردیی زمانه و تێکۆشه‌ر نییه. نازانێت کوردبوون چییه. ئه‌وه‌ی کوردیی زمانه و دژ به کورده، کوردبوونی جێگای پرسیاره. مه‌گه‌ر ڕه‌شپێسته‌کانی ئه‌مێریکا و باشووری ئه‌فریقا، له‌وه تێبگه‌ن، که کوردبوون چییه، هه‌ربۆیه ئه‌و کورده‌ی ده‌ڵێ یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه، که قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، چ بێئاگایه له‌وه‌ی، که کورد بوون چییه و چ کوردبوونیشی جێگای پرسیاره.
تێکۆشانی کورد هه‌رگیز بۆ پاره نه‌بووه، هه‌ربۆیه ئه‌وانه‌ی بۆ کورد تێکۆشان، هه‌موو به گشتیی خه‌ڵکانی هه‌ژار بوون، هه‌ژار به‌ڵام دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر و سه‌ربه‌رز. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵکانێک هه‌بوون، که خه‌ڵکانی خۆشگوزه‌ریی و پاره بوون. ئه‌م خه‌ڵکانه، وه‌زیربوون له ڕژێمی به‌عسدا، هه‌ر به زمانی ئه‌و ڕۆژگاره ئیستخبارات بوون، ئه‌من بوون، ته‌واری بوون، جه‌یشی شه‌عبیی بوون، که هاوشێوه‌ی وه‌حشی شه‌عبیی ئێستابوو، جاش بوون و مسته‌شار بوون. ئه‌م خه‌ڵکانه هه‌موو شتیان ده‌کرد، له پێناوی گه‌یشتن به سه‌رمایه‌ی زیاتر و ده‌سته‌ڵاتی زیاتردا. پاره‌یان زیاد ده‌بوو، لێ هه‌رگیز ده‌سته‌ڵاتیان له‌و په‌ته درێژتر نه‌بوو، که له ملیان کرا بوو. هه‌ربۆیه هه‌موو یه‌کێک له مانه، له توانایاندا بوو گووندێک به خاپوورکردن بده‌ن، خه‌ڵکیی به گرت بده‌ن، لێ هه‌رگیز له توانایاندا نه‌بوو، زیندانییه‌کی سیاسیی ئازاد بکه‌ن، ژنێک، پیاوێک، منداڵێکی ئه‌نفالکراو ڕزگار بکه‌ن. به‌شێک له مانه، هه‌ر به زمانی ئه‌و سه‌رده‌مه، به سزای گه‌ل و شۆڕش ده‌گه‌یه‌نران.
ئیمڕۆ ئه‌م وه‌زیر، ئیستخبارات، ئه‌من، ته‌واری، جه‌یشی شه‌عبیی، مسته‌شار و جاشانه له سه‌رده‌مێکی تردا ده‌ژیین، که سه‌رده‌می ده‌ستپێکی دیموکراسییبوونی کورده، هه‌ر بۆیه که‌سیان به سزای گه‌ل و شۆڕش ناگه‌یه‌نرێن، هه‌ربۆیه ئاسانه بۆ هه‌موو دژ به کورد بن. لێ له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو ئه‌مانه هه‌ر وه‌ک جاران ناپاکن، هه‌ربۆیه پێویستمان به یاسایه‌کی تایبه‌ت به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کورد هه‌یه، که له ڕێگایه‌وه ئه‌مانه بدرێنه دادگا، به تاوانی ناپاکیی نیشتیمانیی، که ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا، که پلانێکی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به کورد له ئارادایه، بۆ له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم، پێویسته له‌سه‌ر کورد وه‌ک کورد تێبکۆشێت بۆ سه‌رکه‌وتن نه‌ک بۆ به‌رگریی له‌خۆکردن. پێویسته له‌سه‌ر کورد، که ده‌زگایه‌کی تایبه‌تی ئاسایشی نیشتیمانیی پێکبهێنێت، ده‌زگایه‌ک، که هه‌موو شت بکات له‌پێناوی پاراستنی نیشتیمان و هاووڵاتییانیدا. ده‌زگایه‌ک، که جه‌نگ له نیشتیمانه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ ناو ماڵی دوژمن خۆی. نیشتیمان پڕ بووه له پیاو و ژنی ناپاک، پێویسته دادگا لێپرسینه‌وه‌ی تووند له‌گه‌ڵ ناپاکیی نیشتیمانییدا بکات و نه‌رمیی به‌رانبه‌ر که‌س پیشان نه‌دات.