329 په‌رله‌مانتاره‌كه چاوه‌ڕێی دووكه‌ڵی سپی ژووره تاریكه‌كانن
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای خه‌رجكردنی ملیۆنها دۆلار له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له پڕوپاگه‌نده‌ی جۆراوجۆر و بانگه‌شه‌ی كۆتاییهێنان به داعش و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی ئیداری و لۆجیستی گرته‌وه، به‌ڵام ئه‌ركی 329 په‌رله‌مانتاره‌كه پاش سوێندخواردنیان ته‌نها بووه به ده‌ربڕینی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی له ژووره نێهییه‌كاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌مڕۆ عێراق كه‌وتووه‌ته ناو جه‌رگه‌ی ململانێ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، جگه له‌وه‌ی ئیراده‌ی جیاوازی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی باڵی به‌سه‌ر بزاووتی سیاسی عێراق له هه‌موو جومگه و قۆناخه‌كانیدا كێشاوه.
ئێستا په‌رله‌مانتاره‌كانیش چاوه‌ڕوانن بزانن ده‌بێت چیبكه‌ن و كه‌ی دووكه‌ڵه سپییه‌كه له ژووره تاریكه‌كانه‌وه به‌رزده‌بێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و دواتر سه‌رۆككۆمار هه‌ڵبژێرن و كوتله گه‌وره‌كه‌ش بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت رابسپێردرێ.
به‌ڵام ئه‌وه له باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران روونادات كه ده‌بوو له‌وێ بێت و ئه‌وێ ماڵی گه‌ل بێت، به‌ڵكو له چه‌ند شوێنێكی دیكه‌یه و هه‌ندێكیان زۆر نهێنین.
هه‌ر چه‌نده پێویست بوو پێش هه‌فته‌یه‌ك له دانیشتنی یه‌كه‌می خولی چواره‌می په‌رله‌ماندا، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی عێراقیش ده‌ره‌نجامه‌كانی په‌سه‌ند كردووه، هێشتا قه‌واره سیاسییه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته داڕشتن و رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه، هه‌ر بۆیه دانیشتنه‌كه به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌وه به‌كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د عه‌بادی، شاره‌زای یاسا به رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی گوتووه: "ده‌ستووری عێراقی رێگه نادات دانیشتنی په‌رله‌مان به‌كراوه‌یی بمێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی كراوه پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره، به‌ڵام سه‌رۆكه كاتییه به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ی په‌رله‌مان ناچاره له سه‌رۆكایه‌تیكردنی دانیشتنه‌كه‌دا بمێنێته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كان ده‌گه‌نه رێككه‌وتن و هه‌ر ئه‌وانیش ئه‌و پێشێلكارییه ده‌ستوورییه له ئه‌ستۆ ده‌گرن".
ئه‌حمه‌د عه‌بادی گوتوویه‌تی: "ده‌بێت كوتله براوه‌كان پابه‌ندی ده‌ستوور و كاته دیاریكراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه بن كه له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كانییه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته كردنه‌وه‌ی ده‌رگای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار و راگه‌یاندنی كوتله گه‌وره‌كه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت".
ناكۆكییه سه‌ره‌كییه‌كان له‌سه‌ر ناسنامه‌ی كوتله گه‌وره‌كه‌ن و چه‌ند مانگێكه گفتۆگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌لایه‌ك دوو به‌ره‌ی شیعه‌ن، ئێستا ئه‌و دوو به‌ره‌یه وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو ناتوانن به یه‌ك دیدگا ماڵی یه‌كگرتووی شیعه درووست بكه‌ن و ناكۆكی گه‌وره كه‌وتووه‌ته نێوانیانه‌وه، جگه له‌وه‌ش هێشتا سوننه و كوردیش خۆیان له‌نێوان دوو ماڵه‌كه‌ی شیعه‌دا ساخنه‌كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كوتله گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان پێكبهێنن و كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران دیاری بكه‌ن.
هه‌رچه‌نده هاوپه‌یمانێتی چاكسازی و بونیادنان و هاوپه‌یمانێتی بونیات پێویستیان به كورد و سوننه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ر به‌ره‌یه‌كیان بگاته پێكهێنانی كوتله گه‌وره‌كه، به‌ڵام كورد و سوننه‌ش بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێویستیان به ده‌نگی شیعه‌كانه و ناچارن دواجار به‌سه‌ر یه‌كێك له‌و بژاردانه‌دا خۆیان ساخبكه‌نه‌وه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا شوان محه‌مه‌د ته‌ها به‌رپرسی لقی به‌غدای پارتی دیموكراتی كوردستان گوتوویه‌تی: "هێشتا كورد بڕیاری نه‌داوه بچێته كام به‌ره‌یه‌وه، ته‌نها گفتوگۆ ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بچنه پاڵ كام كوتله‌یه‌وه و له كامیانه‌وه نزیكین".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "كورد داواكاریی هه‌یه نه‌ك مه‌رج وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یڵێن، كورد بۆ ئه‌وه‌ی بچێته پاڵ كوتله‌یه‌ك داواكاریی هه‌یه، له جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ـی ده‌ستوور ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته بوودجه‌ی پێشمه‌رگه و دروووستكردنی بناخه‌ی ده‌وڵه‌تی راسته‌قینه‌ی هاووڵاتی عێراقی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه براوه‌كان به‌رده‌وامن".
محه‌مه‌د كه‌ربوولی، په‌رله‌مانتاری سووننی له پارێزگای ئه‌نباریش ده‌ڵێت: "سوننه‌كان به‌سه‌ر كوتله‌ی چاكسازی و بونیادنان و كوتله‌ی بنیات دابه‌ش بوون، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بۆچوونی هه‌ر هێزێكی سوننه به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و ناوچانه راوه‌ستاوه كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، چونكه ناوچه سوننه‌نشینه‌كان پێویستیان به هه‌وڵی جوامێرانه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌و ئاواره‌كان بگه‌رێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان. جگه له ئازادكردنی ده‌ستگیركراو و بێسه‌ر و شوێنكراوه‌كان".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هێشتا گفتوگۆ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق یه‌كلایی بكرێته‌وه كه به‌ر سوننه‌كان ده‌كه‌وێت، هه‌ر چه‌نده تا راده‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی محه‌مه‌د حه‌لبوسی كاندیدی (هاوپه‌یمانی هێزه‌كانی عێراق) یه‌كلایی ببووه‌وه".
خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق وه‌ك ئه‌م خوله ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی به‌رۆكی نه‌گرتووه، چونكه ئێستا به روونی ململانێكانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران له پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقدا ده‌بینرێت كه برێت مه‌كگرۆك، نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران نوێنه‌رایه‌تی وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن و به‌رده‌وامن له گفتوگۆی چڕ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان پێكبهێنرێت.