"دایكه فریامكه‌وه، له رێی خودا وه‌رن به‌هانامه‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
له‌ناو تۆز و دووكه‌ڵدا منداڵێك هاوار ده‌كات، دایكه فریامكه‌وه، له رێی خودا مامه وه‌ره به‌هانامه‌وه، ئه‌وه ره‌وشی ئێستای ناوچه‌ی غوته‌ی رۆژهه‌ڵاته به‌ده‌ست بۆردوومان و بۆمبابارانی هێزه‌كانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه و رۆژانه ده‌یان كه‌س گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و سه‌دان كه‌سی دیكه‌ش بریندار ده‌بن.
بۆردوومان و بۆمبابارانی سوپاكه‌ی ئه‌سه‌د، تا ئیستا بووه‌ته هۆی كوژرانی زیاتر له 250 هاووڵاتی سڤیل و سه‌دان كه‌سی دیكه‌یش بریندار بوون، ره‌وشی ئه‌و ناوچه گه‌مارۆدراوه‌ی نزیكی دیمه‌شق وه‌ك ئه‌وه‌ی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ باسی ده‌كات، ده‌ڵێ رۆژی حه‌شر و قیامه‌ته.
نه‌خۆشخانه‌كانی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات پڕن له بریندار و زۆرینه‌ی برینداره‌كانیش منداڵن. ئه‌وه ره‌وشی ناوچه‌یه‌كه كه به‌ده‌ست كه‌می خۆراك و ده‌رمان و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكییه‌وه ده‌ناڵێنێ و له ساڵی 2013ـه‌وه هێزه‌كانی رژێمی سووریا گه‌مارۆیانداوه.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی ئینته‌رفاكسی رووسی، سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا پێشنیازێكی بۆ چاره‌سه‌ر هه‌بووه‌و گوتوویه‌تی: "ئه‌زموونی شاری حه‌له‌ب كه ناوچه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی رژێمی ئه‌سه‌د چۆڵكرا، ده‌توانرێت له غوته‌ی رۆژهه‌ڵاتیش دووباره بكریته‌وه، ئه‌وه‌ی له حه‌له‌ب كرا به‌سه‌ر غوته‌ی رۆژهه‌ڵاتیشدا جێبه‌جێ بكرێت".
دۆخه‌كه زۆر كاره‌ساتباره و بانووس مومتزیس، رێكخه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی ده‌ڵێت: "ده‌بێت به ئامانجگرتنی سڤیله‌كانی غوته به خێرایی رابگیرێت، خه‌ریكه بارودۆخی مرۆیی له‌ژیر كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت، توندوتیژییه‌كانی ئه‌م رۆژانه دووچاری نیگه‌رانییه‌كی قوڵی كردووین".
هاوپه‌یمانی نیشتمانی هێزه شۆڕشگێڕه‌كان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، كه باره‌گاكه‌یان له ئیستانبوڵه، رووسیا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "مۆسكۆ ده‌یه‌وێت پرۆسه‌ی سیاسی له گۆڕ بنێت".
له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه "ئه‌گه‌ر بێده‌نگی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام بێت، كۆمه‌ڵكوژی و ده‌ستدرێژیی وه‌حشیگه‌رانه‌ی رژێم به‌رده‌وامه و وه‌ك ئه‌وه‌یه هیچیش رووینه‌دابێت".
رامی عه‌بدولره‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێت: "گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه پێشه‌كییه بۆ ھێرشی زه‌مینی ھێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا بۆ ناوچه‌كه، كاتێك ئاماده‌كارییه سه‌ربازییه‌كانیان ته‌واوكرد ده‌جووڵێن".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رامی عه‌بدولڕه‌حمان، گرژییه‌كان پاش ئه‌وه زیاتر بوون كه دانووستانی نێوان رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن بۆ ده‌ركردنی ده‌سته‌ی رزگاركردنی شام له غوته‌ی رۆژهه‌ڵات شكستیهێناوه.
له كاتێكدا هێزه‌كانی ده‌سته‌ی رزگاركردنی شام له غوته چه‌ند سه‌د چه‌كدارێكن و به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو له چه‌ند باره‌گایه‌كی گه‌ڕه‌كی جوبه‌ری دیمه‌شقی و ده‌وروبه‌ریدان.
به‌ڵام "سوپای ئیسلام" به‌هێزترین گرووپی غوته‌یه، ئێستا ره‌تیده‌كاته‌وه به‌شداریی له هیچ دانووستانێك له‌گه‌ڵ رژێمی سووریا بكات. یاسر ده‌لوان، به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسی "سوپای ئیسلام" ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر رژێمی سووریا چاره‌سه‌ری سه‌ربازی ده‌وێت، جارێكی دیكه ده‌بینێت چی له غوته‌ی رۆژهه‌ڵات رووده‌دات".
هه‌رچه‌نده "سوپای ئیسلام" به‌شداریی له‌و دانووستاندنانه‌شدا كرد كه به‌چاودیری رووسیا و ئێران و توركیا له ئه‌ستانا، به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی رژێمی سووریا و لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی دیكه به‌ڕێوه چوو. دانووستاندنه‌كانیش درووستكردنی ناوچه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌و غوته‌ی رۆژهه‌ڵاتیش یه‌كێك له‌و شوێنانه‌یه. به‌ڵام ئێستا غوته بووه‌ته ناوچه‌یه‌كی پڕ گرژی و ئاڵۆزیی.