عه‌بادی: ئێمه داوای گفتوگۆ له‌سه‌ر ئاستی حكومی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
K24- هه‌ولێر:
رۆژی سێشه‌ممه، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا ئاماژه‌ی به چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان كرد.
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی كورد له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق عه‌بادی رایگه‌یاند "ئێمه له‌سه‌ر ئاستی حكومی داوای گفتوگۆ له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و پێویسته هه‌ولێر و به‌غدا له بواره‌كانی ئه‌منی و سه‌ربازیدا ده‌ست به دانوستان بكه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی سیاسی چه‌ند مه‌رجێك هه‌ن، كه له‌كۆتاییدا ده‌رده‌كه‌ون". هه‌روه‌ها گوتیشی "ئێمه نامانه‌وێ به‌ریه‌ككه‌وتنی سه‌ربازی له‌نێوان سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه روو بدات، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش لێژنه‌یه‌كی سه‌ربازیمان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پێكهێناوه".
له‌باره‌ی كاره‌ساتی بۆمه‌له‌رزه‌كه‌ی به‌ر له چه‌ند رۆژێكیش كه زۆربه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی گرته‌وه و شاری ده‌ربه‌ندیخان زۆرترین زیانی پێگه‌یشت و درووستبوونی چه‌ند درزێك له به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان، كه بووه‌ته مه‌ترسی لای هاووڵاتیان، عه‌بادی گوتی "هاووڵاتیان له دۆخی به‌نداوه‌كان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌مڕۆ له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به تایبه‌ت باسی دۆخی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانمان كرد. ئێمه پێویستمان به شاره‌زایی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه. له‌م بواره‌دا، راسته هه‌ندێ درزی ساده له به‌نداوه‌كه هه‌یه، به‌ڵام بره پاره‌یه‌ك له بودجه‌ی فریاكه‌وتن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانكراوه. هه‌روه‌ها داواشمان له پسپۆڕه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه به خێرایی سه‌ردانی به‌نداوه‌كه بكه‌ن. شاره‌زا عێراقییه‌كانیش سه‌ردانی به‌نداوه‌كه‌یان كردووه. دۆخی به‌نداوه‌كه جێگه‌ی نیگه‌رانی نییه و كۆمه‌ڵێك رێوشوین گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ به‌ردانه‌وه‌ی به‌شێكی ئاوه‌كه".