لە یاسای لێبوردنی گشتی گەندەڵكاران نابەخشرێن

بڕیارە لە كۆبوونەوەی داھاتووی دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساكە بدرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سبەی راپۆرتی كۆتایی پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت، راپۆرتەكە لەلایەن لیژنەكانی ئاسایش و ناوخۆ، یاسایی و مافی مرۆڤ ئامادە دەكرێت. پرۆژە یاساكە ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردوون و دراونەتە دادگا، بڕیاریشە لەم ھەفتەیەدا لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان دەنگ لەسەر پرۆژە یاساكە بدرێت.

جێگری سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی گەندەڵكاران و ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی و تێكدانی ئاسایشی گشتی و مامەڵەكردن بە ماددە ھۆشبەرەكان ناگرێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 لە چاكسازییەكانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆك زیاتر لە 5 ھەزار كەس بە تۆمەتی جیا جیا بەندكراون، ئەگەر به‌ندكراوه‌كان بە تاوانی گەورە دەستگیر نەكرابن، رەنگە بەشێكی زۆریان لێبووردنی گشتی بیانگرێتەوە.