گەڕەكێكی دیكەی رەققە كۆنترۆڵكرایەوە

لەماوەی 13 رۆژدا 5 گەڕەكی رەققە كۆنترۆڵكراونەتەوە

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی سووریای دیموكرات "ھەسەدە" رایگەیاند، گەڕەكی بەیاترای رەققەیان لە دەست چەكدارانی داعش رزگاكرد.

رۆژی 6 حوزەیرانی2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی رەققە دەستیپێكرد، ھێزەكانی سووریای دیموكرات تا ئێستا 5 گەڕەكی شارەكەیان كۆنترۆڵكردووەتەوە و لە ھەرسێ قۆڵی باكوور و رۆژھەڵات و رۆژئاوا، لە پێشڕەویدان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی رەققە.

ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی سنووری رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە سێ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵكرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر. دواتر لە 21 ئاداری 2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری تەبقە دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكراتیك كۆنترۆڵكرایەوە.