پێشمه‌رگه بووه خاوه‌نی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به خۆی
K24- هه‌ولێر:
ئەڵمانیا نەخۆشخانەی پێشمەرگەی رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرد، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیاش لە هەولێر جه‌خت ده‌كاته‌وه، نەخۆشخانەکە بەڵگەیە لەسەر بوونی هەماهەنگی لە نێوان کورد و ئەڵمان.
له لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، باربارا شوماخه‌ر، جێگری كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێر، له باره‌ی دروستكردنی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه و راده‌ستكردنی به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، رایگه‌یاند، ئەمە رۆژێکی گرنگە، كه نه‌خۆشخانه‌كه راده‌ستی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین، دەمانەوێ خزمەتی هەموو پێشمەرگەیه‌ك بکەین، ئەمە بەشێکی گرنگە لە پەیوەندیی کورد و ئەڵمانیا، ئێمە پەیوەندییەکی زۆرباشمان له‌گه‌ڵ یه‌ك هەیە.
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیاش لە عێراق بەڵێنی دا، له هاوکارییەکانیان بەردەوام ده‌بن و له باره‌ی نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌شه‌وه گوتی: "ئەمە لە ئەنجامی کارکردنی کۆمپانیا کوردییەکان و هێزەکانی ئەڵمانیا دروست کراوە، دڵخۆشین بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، ئێمە وەك هێزەکانی ئەڵمانیا هەمیشە پلانمان بۆ هاوکاریكردنی پێشمەرگە هەیە، هه‌رچه‌نده هاوکاریی پێدانی چەك وەستێندراوە، بەڵام هاوکاریی وەك مەشقی سه‌ربازی و لۆجستی هێشتا بەردەوامە و بەردەوامیش دەبین، چونکە هیچ پلانێکمان نییە بۆ کشانەو"ە.
نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه لەلایەن تیم و بەرپرسانی ئه‌ندازیاریی ئەڵمانییەوە سەرپەرشتی کراوە و بە شێوازێکی مۆدێرنانە دروست کراوە و ماوه‌ی 14 مانگیشی خایاندووه تا ته‌واو بووه، سوپاسالاری پێشمەرگەش نایشارێتەوە کە ئه‌ڵمانییه‌كان لە نەخۆشخانەکەدا دەمێننەوە.
له به‌رامبه‌ریشدا جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە ده‌ڵێت: "هه‌موو ئامێره‌كانی ناو نه‌خۆشخانه‌كه له‌لایه‌ن وڵاتی ئه‌ڵمانیاوه دابین كراون، به‌ڵام له‌لایه‌ن پسپۆڕانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت و 2 راویژكاری پزیشكیی ئه‌ڵمانیش له‌گه‌ڵیان ده‌مێننه‌وه.
ئاشكراشی كرد، له داهاتوودا له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیان پڕۆژه‌ی گه‌وره‌تری له‌م شێوه‌یه جێبه‌جێ ده‌كرێن.
نەخۆشخانەکە لەسەر ئەرکی حکوومەتی ئەڵمانیا و بە گوژمەی چوار ملیۆن و 800 هەزار دۆلار، لەسەر رووبەری هەزار مەتر دووجا دروست کراوە.
ئێستا لە نەخۆشخانەکەدا بەشەکانی تیشك، نەشتەرگەری، ئێسک و شکان و گوێ کراونەتەوە، بڕیاریشە بۆ چەند ساڵی داهاتوو، چەند بەشێکی دیکەش بكرێنه‌وه.
H.B