یەكێتی: پارتی بۆ رابەرایەتی كوردایەتی دامەزراوە

"ئامادەی درێژەپێدانی خەباتی هاوبەشین لەعێراق‌ و كوردستان‌"

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە بۆنەی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی دەكات و رایدەگەیەنێت، پارتی بۆ باشتر رێكخستن‌ و رابەرایەتیكردنی لایەنە سیاسییەكانی كوردایەتی دامەزراوە.

لە پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ھاتووە: "72ساڵ لەمەوبەر، لەهەلومەرجی دوای جەنگی دووەمی جیهاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ باشتر رێكخستن ‌و رابەرایەتیكردنی لایەنە سیاسییەكانی كوردایەتی، لەسایەی كۆمارە بە كۆرپەیی روخێندراوەكەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، دامەزراو لەو قۆناخەداو، لەمێژووی نوێی سیاسی ئەو سەردەمەدا، هەتا شۆڕشی ئەیلوول، پارتی رۆڵێكی مێژوویی گێڕا. لە دوای خیانەتنامەی جەزائیرو بەرپابوونەوەی شۆڕشی نوێشدا، سەرەڕای دۆخی دژواری شۆڕشەكە و دۆخەكە، دیسان، پارتی رۆڵێكی گرنگی هەبوو".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی یەكێتی ئاماژە بەوەكراوە: "لە دوای دامەزراندنی بەرەی كوردستانییەوە، پەیوەندی یەكێتی ‌و پارتی، هەروەها لایەنەكانی تری كوردستانی، گوێزرایەوە بۆ قۆناغی بەرپرسیارێتی رزگاری‌ و دیموكراسی نەتەوەیی هاوبەش. سەرەنجامەكەی راپەڕین ‌و دەستكەوتەكانی هەڵبژاردن‌ و پەرلەمان‌ و حكوومەتی هەرێم بوو. پاشان، گەوهەری ئەم پەیوەندییە، گەیەندرایە ستراتیژی روخاندنی سەدام ‌و دەستكەوتە مێژووییەكان دوای ئەوە، لەپێشەوەدا، دەستەبەركردنی فیدراڵ لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا. كۆی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، هەتا هەنوكەش، بەری خەباتی هاوبەشمانن. دیارە هێشتا مێژوو ئەركی گەورەی خستووەتە ئەستۆمان".

یەكێتی لەو پەیامەدا بۆ پارتی دەشڵێت: "بە ئەزموون وەرگرتن، لە تەواوی ئەزمونەكانمان، ئامادەی درێژەپێدانی خەباتی هاوبەشین لەعێراق‌ و كوردستان‌ و ناوچەكەشدا. بەئومێدی ئەوەی، هەردوولامان، ماف ‌و ئەركەكانمان بزانین ‌و هاوسەنگی دابینكردنی مافەكان‌ و راپەڕاندنی ئەركەكان، لەسەرجەم بوارەكاندا، بهێنینەدی. هێشتا رێی خەباتمان دوورو درێژە. هێشتا رێڕەوی هاوبەشمان پڕ لە كەندو كۆسپە. بۆیە ئەركمانە، یەكڕیزیی ماڵی كوردستان ببوژێنینەوەو حكوومەتی كوردستان كاراتر بكەینەوەو تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكەین، لەپێشەوەدا، گۆڕانكاری لە سیستمی حوكمڕانی ‌و سەروەری یاساو ریشەكێشكردنی گەندەڵی. بۆئەوەی، بەم یەكڕیزییە و بە حكوومەتێكی بەهێزو بەدڵنیایی سیاسییەوە، بەشداری كاریگەر لە پێكەوەنانی حكوومەت دوای هەڵبژاردنی عێراق بكەین‌ و ئەمجارە، بەكردەوە، حكوومەتی عێراق، پابەندی دەستوورو پشكی راستەقینەی كورد بێ‌، لەپێشەوەدا، مافی ئابووری ‌و مافەكانی پێشمەرگە و رێسای نوێی نەوت ‌و گاز‌و جێبەجێكردنی مادەی 140"..

دەقی پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەرزاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

جەنابی مەسعود بارزانی -  سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەرێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی پارتی

سڵاوی هاوخەباتی گەرم..

خۆشحاڵین، بەناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەبۆنەی (72) ساڵەی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان، پیرۆزبایی گەرمتان لێبكەین.

(72) ساڵ لەمەوبەر، لەهەلومەرجی دوای جەنگی دووەمی جیهاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ باشتر رێكخستن‌و رابەرایەتیكردنی لایەنە سیاسیەكانی كوردایەتی، لەسایەی كۆمارە بەكۆرپەیی روخێندراوەكەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، دامەزراو لەو قۆناغەداو، لەمێژووی نوێی سیاسی ئەو سەردەمەدا، هەتا شۆڕشی ئەیلول، پارتی رۆڵێكی مێژوویی گێڕا. لەدوای خیانەتنامەی جەزائیرو بەرپابونەوەی شۆڕشی نوێشدا، سەرەڕای دۆخی دژواری شۆڕشەكەو دۆخەكە، دیسان، پارتی رۆڵێكی گرنگی هەبوو.

لەدوای دامەزراندنی بەرەی كوردستانییەوە، پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی، هەروەها لایەنەكانی تری كوردستانی، گوێزرایەوە بۆ قۆناغی بەرپرسیارێتی رزگاری‌و دیموكراسی نەتەوەیی هاوبەش. سەرەنجامەكەی راپەڕین‌و دەستكەوتەكانی هەڵبژاردن‌و پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم بوو. پاشان، گەوهەری ئەم پەیوەندییە، گەیەندرایە ستراتیژی روخاندنی سەدام‌و دەستكەوتە مێژووییەكان دوای ئەوە، لەپێشەوەدا، دەستەبەركردنی فیدراڵ لەدەستوری هەمیشەیی عێراقدا.

كۆی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، هەتا هەنوكەش، بەری خەباتی هاوبەشمانن. دیارە هێشتا مێژوو ئەركی گەورەی خستۆتە ئەستۆمان..

یەكێتی، ئەم بۆنە پیرۆزەتان بە هەل دەزانێ‌. جەخت بكاتەوە كەوا:

بە ئەزمون وەرگرتن، لەتەواوی ئەزمونەكانمان، ئامادەی درێژەپێدانی خەباتی هاوبەشین لەعێراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەشدا. بەئومێدی ئەوەی، هەردوولامان، ماف‌و ئەركەكانمان بزانین‌و هاوسەنگی دابینكردنی مافەكان‌و راپەڕاندنی ئەركەكان، لەسەرجەم بوارەكاندا، بهێنینەدی.

بەرێزینە!

هێشتا رێی خەباتمان دورودرێژە. هێشتا رێڕەوی هاوبەشمان پڕ لە كەندو كۆسپە. بۆیە ئەركمانە، یەكڕیزیی ماڵی كوردستان ببوژێنینەوەو حكومەتی كوردستان كاراتر بكەینەوەو تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكەین، لەپێشەوەدا، گۆڕانكاری لەسیستەمی حوكمڕانی‌و سەروەری یاساو ریشەكێشكردنی گەندەڵی. بۆئەوەی، بەم یەكڕیزییەو بەحكومەتێكی بەهێزو بەدڵنیایی سیاسیەوە، بەشداری كاریگەر لەپێكەوەنانی حكومەت دوای هەڵبژاردنی عێراق بكەین‌و ئەمجارە، بەكردەوە، حكومەتی عێراق، پابەندی دەستورو پشكی راستەقینەی كورد بێ‌، لەپێشەوەدا، مافی ئابوری‌و مافەكانی پێشمەرگەو رێسای نوێی نەوت‌و گاز‌و جێبەجێكردنی مادەی (140).

خوشك‌و برایان!

یادی پارتیتان پیرۆز بێ‌. گیانی پاكی شەهیدانتان لەگەڵ تێكڕای شەهیدانی كوردستان، ئاسودە بن. ئاڵای چارەی خۆنوسینمان هەر شەكاوە بێ‌.

لەگەڵ رێزی

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

16/ی ئابی/ 2018