بە ڤیدیۆ.. ناوبژیوانێکی ئینگلیزی وەکو رێزێک لە کاتی بانگدان یارییەک دەوەستێنێت

تاکو بانگەکە تەواوبوو یارییەکە دەستیپێنەکردەوە
kurdistan24.net

لە یارییەکی تۆپی پێ لە سعودیە ناوبژیوانی یارییەکە وەکو رێزێک بۆ بانگی مزگەوت، بۆ ماوەی چەند خولەکێک یارییەک دەوەستێنێت.

رۆژی چوارشەممە لە یارییەکی قۆناخی 16ی جامی شای سعودیە لە نێوان فەیحا و فەتح کە فەیحا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا مارک کلاتینبێرگی ناوبژیوانی بەناوبانگی بەریتانی کە ساڵانێکی زۆر یارییەکانی پرێمەرلیگی بەڕێوەبردووە، دوای ئەوەی گوێی لە بانگی مەغریبی مزگەوتی نزیک یاریگەکە بوو، فیکەی بۆ وەستانی یارییەکە لێدا و تاکو کۆتایی یارییەکە یاریزانەکان وەستان و گوێیان لە بانگەکە گرت، ئینجا دوای کۆتایی هاتنی بانگەکە کلاتینبێرگ یارییەکەی دەستپێکردەوە.

کلاتینبێرگ یەکێک بوو لە باشترین ناوبژیوانەکانی پرێمەرلیگ و ئەوروپا، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر بە گرێبەستێک لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە دەستی بە بەڕێوەبردنی یارییەکانی تۆپی پێی سعودیە کرد.