ئەو 5 ئه‌ستێره‌یه‌ی ململانێیه‌كی توند له نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا دروست ده‌كه‌ن
به گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌ورووپا چاوەڕوان دەکرێت له گواستنه‌وه‌ی زستانه و هاوینه‌ی داهاتوو یانه‌كانی ریال مه‌درید و بارسێلۆنا چه‌ندان گرێبه‌ستی گه‌وره ئه‌نجام بده‌ن، پێشبینی دەکرێت دوو جەمسەرە بەھێزەکەی ئیسپانیا ته‌واوی هه‌وڵه‌كانیان به ئاراسته‌ی ئه‌م 5 ئه‌ستێره‌یه‌ی خواره‌وه بخه‌نه گه‌ڕ.
1ـ هاری كه‌ین: ئه‌م ھێرشبەره ئینگلیزییه لەم ساتانەی یاریی کردنیدا باشترین ئاست پێشکەش دەکات، لە کۆی 20 یاریی لە پاڵه‌وانێتییه جیاوازه‌كان توانیویەتی 18 گۆڵ تۆمار بکات و 3 ئەسیستیشی ھەیە، چاوەڕوان دەکرێ بۆ بەدەستھێنانی تواناکانی ئەم ھێرشبەرە ململانێیه‌کان بگەنە لوتکە، بەتایبەتیش دوای ئەو ئاستە خراپەی ھێرشبەرە راستەقینەکانی بارسا و ریال پێشکەشی دەکەن.
2ـ ماركۆ ڤیراتی: ئه‌م ناوه‌راستكاره ئیتاڵیاییه یەکێکە لە دیارترین ئامانجەکانی بارسێلۆنا، لە ھاوینی رابردووش بارسا هه‌وڵه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی ڤیراتی خسته‌گه‌ڕ، به‌ڵام شكست بووه به‌شی، چاوەڕوان دەکرێ ئەم یاریزانە, خاڵێکی تربێت بۆ ململانێکردنی نێوان دوو یانە ئیسپانیەکە، چونکە دەیانەوێت لە رێگای ڤیراتیەوە، ناوەڕاستی خۆیان بەھێزتر بکەن.
3ـ میگێل ئۆیارزابال: ئه‌م یاریزانه له یانه‌ی ریال سوسیدادی ئیسپانیا یاری ده‌كات، لەم دوایانەدا چاوەکان زۆربەیان لەسەر ئەون، بەھۆی پێشکەش کردنی ئاستێکی باش لەگەڵ تیپەکەی، لە کۆی 12 یارییدا 6 گۆڵی تۆمار کردووە، چەند گۆڵێکیشی بۆ ھاورێیه‌کانی دروست کردووە و تایبەتمەندە بە رەخساندنی یاریی و ھەلی گۆڵکردن بۆ هاوڕێیه‌كانی، تێچووی گواستنەوەکانیشی رەنگە زۆر لەسەر دوو یانەکەی کلاسیکۆ نەکەوێت.
4ـ پاوڵۆ دیبالا: یانه گه‌وره‌كان چاو له‌سه‌ر ئه‌م هێرشبه‌ره ئارجێنتینایه هه‌ڵناگرن، رەنگە یۆڤێنتۆس لە پێناو پاراستنی ئەو ئەستێرەیەی تووشی پاڵەپەستۆیەکی زۆر بێتەوە، لە ئێستادا لە 16 یارییدا بەشداری کردووە و خاوەنی 12 گۆڵە و 3 گۆڵیشی بۆ ھاورێیه‌کانی دروستکردووە و تایبەتمەندە بە بڕینە نایابەکان و نمایشە جوانەکانی لە دروسترکردنی یاریشدا بۆ تیپەکەی لێھاتووە.
5ـ ماورۆ ئیكاردی: ئه‌م وه‌رزه ئه‌م یاریزانه له ئاسمانی سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا تا دێت ده‌دره‌وشێته‌وه و یانه‌ی ئینته‌ری بۆ ڕێچكه‌ی ململانێیه‌كان گه‌ڕاندۆته‌وه، ناوی ئیكاردی پەیوەستکراوە بە گواستنەوی لە ھاوینی داھاتوودا بۆ یانەی ریال مەدرید، به‌وپێیه‌ی ئیكاردی لە 16 یارییدا توانیویەتی 16 گۆڵ تۆمار بکات، نابێ ئەوەش لە بیر بکەین ئیكاردی له تازەپێگەیشتوانی بارسێلۆناوە بووە، یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه‌ش هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌دات.
ئامادەکردنی: بارزان ئەکرەم