'ناوبژیوانانی ئیسپانیا پێدانی کارتی زەرد و سوور بە یاریزانانی ریال مەدریدیان پێ لە یاریزانانی بارسێلۆنا خۆشترە'

ریال مەدرید لە سێ یاری رابردوودا بەقەدەر دوو وەرزی بارسێلۆنا کارتی سووری وەرگرتووە

K24- هەولێر

ئالڤارۆ ئاربێلوای بەرگریکاری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەڵێت 'ناوبژیوانانی ئیسپانیا پێدانی کارتی زەرد و سوور بە یاریزنانی ریال مەدریدیان پێ لە پێدانی کارتی زەرد و سوور بە یاریزانانی بارسێلۆنا خۆشترە'، بەرگریکارەکەی پێشووی ریال دەشڵێت 'یاریزانانی ریال مەدرید تەنیا لە 3 یاری 3 کارتی سووریان بەڕوودا بەرزکراوەتەوە، لە کاتێکدا یاریزانانی بارسێلۆنا لە سەرجەم یارییەکانی دوو وەرزی رابردوو ئەوەندە کارتە سوورەیان بەڕوودا بەرزکراوەتەوە'.

ئاربێلوا لەبارەی دوو یەکسانبوونەکەی دوو هەفتەی رابردووی ریال مەدرید لە لالیگا دەڵێت 'من هیچ دوودڵ نیم چونکە وەرزی رابردووش ریال مەدرید چوار یاری لەسەر یەک یەکسانبوو، بەڵام دواتر بووە پاڵەوانی لالیگا، بۆیە پێموایە پێویست بە هیچ دوودڵییەک ناکات'.

لە دەستپێکی ئەم وەرزە هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سێرخیۆ رامۆس و مارسیلۆ لە ریزەکانی ریال مەدرید لەلایەن ناوبژیوانانی ئیسپانیا بە کارتی سوور کرانە دەرەوە و هاندەرانی مێرێنگی لەکاتی پێدرانی کارتی سوور بە مارسیلۆ لەدوایین یاریی یانەکەیان هاواریان دەکرد 'ئێوە دژی ریال مەدریدن' بڕۆن بۆ جەهەننەم'.