زیدان چی بە یاریزانەکانی ریال مەدرید گوتووە؟

زیدان بۆ یاریزانەکانی: بە یەکدەستی ئەم دۆخە سەختە تێدەپەڕینین

K24- هەولێر

زیدان داوای لە یاریزانەکانی کردووە بە یەکدەستی و بە یەک گیان ئەم دۆخە سەختە تێبپەڕێنن کە ئێستا ریال مەدرید تێی کەوتووە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەی ئاشکراکردووە، کە دوێنێ لە راهێنانەکانی یانەکەدا زیدان بۆ ماوەی 50 خولەک قسەی بۆ یاریزانەکانی کردووە و باسی ئەم دۆخەی ئێستای کردووە، کە ئێستا ریال مەدرید پێیدا تێدەپەڕیت و هاندەرانی یانەکە گلەییان لێی هەیە.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، زیدان بە یاریزانەکانی گوتووە پێویستە بە یەکدەستی و یەک گیانی ئەم دۆخە تێبپەڕێنن و داوای لە سەرجەم یاریزانەکانی کردووە قسە بکەن و بەشداریی لە کۆبوونەوەک بکەن، بەڵام سەرەتا هیچ یاریزانێک قسەی نەکردووە، تاکو زیدان بە ناچاری یاریزان بە یاریزانی بە قسە هێناوە و سەرەتا لە یاریزانە بچووکەکانی وەکو کارڤاخال و ئەسیسنیۆی دەستپێکردووە، بەڵام یاریزانە بچووکەکەان هیچ قسەیەکیان نەبووە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سێرخیۆ رامۆس لە دیارترین ئەو یاریزانانە بووینە کە قسەیان کردووە و کریستیانۆ گوتویەتی، پێویستە بە بیر و هۆش یاریی بکەین و واز لە بەکارهێنان و هێز و بازوو بهێنین، رامۆسیش گوتویەتی ئەوەی ئێستا روودەدات هەوومان لێی بەرپرسیارین و هەر کەسەمان بەپێی قەبارەی خۆی بەرپرسیارەتی بەر دەکەوێت.

زیدان لە کۆتایی قسەکانیش بە یاریزانەکانی گوتووە کە هەموویان بەرپرسیارن و سەرزەنشتی خۆیشی کردووە و خۆیشی لە کەموکوڕییەکان نەبردووەتە دەرەوە، بەڵام زیزۆ بە یاریزانەکانی گوتووە وەکوچۆن ساڵی رابردوو پێنج نازناومان بەدەستهێنا، متمانەم بە یاریزانەکان هەیە ئەم وەرزەش بتوانن نازناو بەرز بکەنەوە.

ریال مەدرید لەم وەرزە بە دۆخێکی خراپدا تیدەپەڕیت و تاڕادەیەکی زۆر لە لالیگا بێهیوابووە و 14 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگی لالیگاوە دوورە.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی