گرووپی هیوا، هیوایەک بۆ دوژمنانی کورد 

Kurd24

ئەو گرووپە پەرلەمانتارە کوردانەی  لە بەغدا ناویان لە خۆیان ناوە هیوا، بوونەتە هیوا بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە خەون بە نەمانی هەرێمەوە  دەبینن، ئەوان لە شارێک دەوام دەکەن، کە پایتەختی ئەو وڵاتەیە، شەو و رۆژ بە چاوی خۆیان دەبینن لە چاو تروکانێکدا بە هەزاران چەکداری حزبی و بەدەر لە یاسا و دەستوور بە ناو کوچە و کۆڵانەکانی شار وەردەبن، بەبێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک نەک بتوانێت رێگریان لێ بکەن، بەڵکو ناتوانن رەخنەشیان لێ بگرن، چونکە هەر رۆژنامەنووسێک، یا چالاکێکی مەدەنی رەخنە لەو کردار و رەفتارەی ئەو میلیشیانە بگرێت، رۆژی دواتر تەرمەکەی لە سوچێکی ئەو شارە بە فڕێدراوی دەدۆزنەوە.

بە بەرچاوی سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی حکومەت کە جگە لە تویتێککردن، هیچی تریان پێ ناکرێت. ئەمە و پرسی گەندەڵی و حوکمی میلیشیا و فرۆشتنی پلە و پایەی حکومی و بەرتیل و نەبوونی خزمەتگوزاری و پیس و پۆخڵی لە تێکڕای شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو میلیشیانە هەر مەپرسە لە چ ئاستێکدایە، سەرباری وەرگرتنی فەرمان و رێنمایی لە دەرەوەی سنووری وڵات.

چاوی ئەو گرووپە هەموو ئەو وێرانەیە و کارەساتانەی عێراق نابینێ و ئامادەنین بە وشەیەکیش باسی بکەن، بەڵام بۆ رووبەڕوونەوەی هەرێم و قەوارەکەی چەک لە شانن، ئەوەندە باسی هەرێم بە خراپی دەکەن، میدیای میلیشیایەکان شەو رۆژ میوانداریان دەکەن، بۆ ئەوەی گەندەڵی و خراپی خۆیان بۆ دابپۆشن و شەقامی عەرەبی بە هەرێمەوە خەریک بکەن.

ئێمە ناڵێین هەرێمی کوردستان شامی شەریفە و هیچ کێشەو گرفتی نییە و بێ گەندەڵییە، بەڵام هەرکەسێکی بەویژدان دەزانێ جیاوازی هەرێم و ناوەند لە هەموو رووێکەوە بەراورد ناکرێ، سەرەڕای بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، هەرێم لە هەموو ئاستەکانەوە پێشکەوتووترە. ئەوەی ئەو گرووپە دەیکەن، لە ئاستی رەخنە و رای ئازاد دەرچووە و گەیاندویانەتە ئاستێک هانی ملیشیایەکان دەدەن بەهێز بچنە سەر هەرێم و قەوارەکەی تێکبدەن، لە کاتێکدا خۆیان لەبەر  هێزی ئەم میلیشیانە ناوێرن یەک رەخنە لەو بارودۆخەی عێراق بگرن.

 کردار و لێدوانەکانی ئەو گرووپە دژە کوردە لە بەغدا، یەک لە هۆکارە بەهێزەکانە، کە وای کردووە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ کورد رێکنەکەون، چونکە شەقامی عەرەبییان ئەوەندە دژی هەرێم هانداوە حزبەکانی خۆشیان لە ترسی ئەو شەقامە ناتوانن لەگەڵ هەرێم رێکبکەون، شەقامی عێراقیان وا تێگەیاندووە هەژاری ئەوان و نەبوونی خزمەتگوزاری هۆکارەکەی هەرێمی کوردستانە. پرسەکانی خۆیان لە بیر بردوونەتەوە و بە گەلی کوردستان و هەرێمەوە سەرقاڵیان کردوونە، ئەو گرووپە هۆکارە، بوێری ئەوەیان هەبێت داوای هەموو داهات و نەوتی هەرێم بکەن، پێش پەیدابوونی ئەم گرووپە دژە کوردە لە بەغدا، گفتووگۆیەکان لەگەڵ بەغدا وا زەحمەت نەبوونە، ئەو دواکاریانەشیان نەبوونە، بۆیە خەڵکی کوردستان دەبێ هەقیقەتی ئەم گرووپە ئەنتی کورد و کوردستانە باش بزانێت، کە چەندە لە خزمەتی ئەجێندای نەیارانی کوردن.