شیعەکان باش دەزانن چیان دەوێت !

Kurd24

قومٌ إذا مس النعالُ وجوههم ، شكت النعالُ بأي ذنبٍ تُصفعُ.

کەسانێک هەن ئەگەر نەعل بدرێت لە دەموچاویان. نەعل سکاڵا دەکات کە بە چ تاوانێک زللەیان لێ دەدرێت. موتەنەببی وای وت.

کێشە سەختەکەی عێراق هەندێک دەموچاوی دیاریکراوە، بردنی سامانە بۆ دەرەوەو بەهەدەردانێکی مەترسیدار، کە سیستمی سیاسی و ئابوری و ژێرخان و سەرخانی بە تەواویی دوچاری شکست و بەدگومانی کردۆتەوە، کەسانێک کە نوخبەو دەسەڵاتداری ئەم وڵاتەن سەرقافڵەی ئەم سیاسەتەن و نەعلیش سکاڵایەتی بەدەستیانەوەو بە بەردەوامیش وەک زۆرینە خۆیان دەناسێنن و نەفی نەتەوەو ئیتنیکە جیاوازەکان دەکەن و لەپەنای ئەو پەسێرەشدا خەریکی خۆجوانکردنەوەو ماکیاژکردنەوەی خۆیانن، یانی بە کورتی، کورد خەریکی دانوستاندنە لەگەڵ ئەو تایپە.

هەموو دەزانین کێشەی گەورە لە تاڵانی نەوت و بردنی سامانە سروشتییەکان و کانزا و شوێنەوارە مێژوییەکانی عێراقدا هەیەو ئەم سیاسەتەش بەبێ پشتگیریی گەورە ئاسان قووت ناچێ، زۆر باش دەوڵەتی قووڵ و سێبەرو میدیاو مەندوب و کاراکتەرەکانی حەشدی شیعی بەرگی ئەستووری بۆ ئەدوورن و حەیاچونەکە دادەپۆشن و لەملاشەوە میدیاو رای گشتییان سەرقاڵ کردوە بە پرسی کوردو دۆسیەی نەوت و پارەوە وەک ئەوەی کێشەی کوردو کورد بوون لە عێراق، هەر ئەوە بێت و کێشەی کەرامەت و ناسیۆنالیزم و زمان و فەرهەنگ و سەربەخۆیی نەبێت. تەنانەت ئەکتەرو پەرلەمانتاری کوردیی هەیە فێری ئەو درومانییە کراوە بۆ داپۆشینی ئەو زنجیرە تاڵانی و گەندەڵیی و عەیب و عارانەی ماڵی شیعە بەدرێژایی دەساڵی پێشوو، بێگومان ئەوەش مانای ئەوە نییە لە هەرێم ئیتر گەندەڵی و عەیب و عار نییە، بەڵێ هەیەو کۆی سیستمەکە پێویستە پێکەوە چاکسازیی تێدا بکرێت و ناکرێ هەموو فۆکەسەکە بخرێتە سەر هەرێم و دۆسیەکانی نەوت و پاڵاوگەو داهاتی دەروازە سنوریەکان هەمیشە وەک کارتی فشار بەکار ببرێت.

چاككردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد ئاسان ناچێتەوە جێی خۆی ئەگەر ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی بەهێز نەبێت، بەو پێوەرو عەقڵیەتی بەڕێوەبردنە بێت کە ئێستا هەیە لە بەغداو ناوچەی سەوز،  کورد چیتر لە هیچ پرۆسەیەکی دیموکراسی و هەڵبژاردنی پەڕلەمانیدا نەک نایباتەوە بەڵکو ماف و ئیستیحقاقاتی نەتەوەییش ناپچڕێنێت، چونکە مەیلی فاشیزمێکی ڕێکخراو و سەپاندنی ئیرادەیەکی زۆرینە و تاکڕەو  زاڵە بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسیدا بۆ مەبەستی تایبەت.

چاککردنەوەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی، هەرێم_بەغداد هەر پەیوەست نییە بە شەفافیەتی نەوت و موشتەقاتەکانی و گرێبەستێک کە ڕۆژ واژو دەکرێ و شەو دەستکاری بڕگەکانی دەکرێ و کەسانێکیش نەبایان دیوەو نە بۆران.  پرۆسەکە تێکڕا تێک چوەو ئەستەمە چاککردنەوەی، خۆ ئەگەر نیەتێک هەبێت بۆ باشبوون و چاکسازیی ئەوا ئەو نیەتە به‌ تونێلی چاككردنی پرسی نه‌وت و ئاسایش و ئابوری و سێنتراڵکردنەوەی عێراقدا تێپه‌ڕ ده‌بێت تا دەگاتە لێدان لە قەوارەی هەرێم و بچوککردنەوەی لەڕوی دەستورییەوە، بۆیە لەدەسەڵاتی هیچ فراکسیۆن و مەندوبێکدا نییە چیتر بانگەشەی ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخە بکات بۆ مەبەستی پروپاگەندەی سیاسی و ئایدۆلۆژیی حیزبیی، پرسێکی زمانی و فەرهەنگی و جیۆسیاسیی کوردیی بەهێز هەیەو ئەقتابگەلی دەسەڵاتگەریی شیعی و ناسیۆنال مەزهەبی عەرەبی و هەرێمایەتی بەوە ڕازی نیین و  فاشیزمێک وەئاگا هاتوەو دەبێت کورد ئاگاداری بێت.

بۆیە مەندوبانی شیعی و سوننی و هالەی دەوری ئەو فاشیزمە باش دەزانن چیان دەوێت و کاربۆ چ بەرنامەو ئەجێنداو گوتارێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیی دەکەن و بەتەمای چین، تا ڕادەیەکیش دەستکراوەن دژی کورد. مەندوبانی کوردیش پەرتەوازەو بێ گوتارو بێ پرۆژەن، هاوپەیمانی هیواش لەم دواییانەدا هێندەی تر ئەو گوتارەی شەقکرد بە دڵی شیعەی حوکمڕان.