سەرنجێک، دوای کۆتایی چلەی ئیمام حوسێن لە عێراق!

Kurd24

بە ملیۆنان شیعە مەزهەب مانگی پێشوو ڕوویان لە قیبلەگاهی خۆیان لە عێراق کرد، سەدان هەزاریان لە مەرزو سنوورەکانی کوردستانەوە هاتن بەپێشوازی گەرم و سوننەتی و بێ هیچ گیروگرفت و نەزعەیەکی مەزهەبی و دینی، بەقوڵایی کوردستاندا چوونە بەغدادو نەجەف و کەربەلاو کوفەو حوسەینیەکان و مەزارگەکانی ئیمام (ڕەزاو ڕەحمەتی خوایان لەسەر) و پشویانداو مانەوە بەمەبەستی ئیعتیکاف و پەرستش و تەواف.

ئەو پۆلە ئاینخوازە، چل ڕۆژە لەخاکی عێراقدان، گەشتی ڕۆحی و ئیمانی خۆیان کردو ڕۆشتنەوە بێ حاڵ و قاڵ و ناڵ، هیچ بەریەککەوتنێکی تائیفی و دینی و ڕەیسیستێک ڕووینەدا، حکومەتی هەرێم ساڵەهایە ڕوگەی ئاین و نیشتیمانی ئاینزاکانەو بەوەش ناسنامەی خۆی پاراستوەو بۆتە پرەنسیپ بۆ تەبایی و هاوژیانیی و پێکەوەیی، ئەمە پێی دەوترێت لێبوردەیی و تولێرانس و سەقامگیریی، 

شیعەکان کە بەدرێژایی حوکمی بەعس و ڕەفتاری قەومیە فاشیستەکان تا سەردەمی کۆنگرەی ئای ئێن سی، المؤتمر الوطني العراقي، ئاواتیان بۆ ئەم ڕۆژانە دەخواست و  بەپشتیوانی کوردو هەرێمی کوردستان خەباتەکەیان هاتەدی و ئێستا سەرزەمین هی خۆیانەو حاکمی نیمچە موتڵەقن، وەلێ خەریکە قەدری سەردەمەکە نازانن و بیریان دەچێت چۆن لە ئۆردوگاکانی ئێران بەرهەڵستکارێکی کزو خاکی و ئاسایی بوون و ساڵانی خەباتی هەولێریش بۆیان دوای ڕاپەڕینی کوردان ئەو مەتبەخە گەرمەبوو وەک ماڵی خۆیان خەویان بەیەک شەوی نەجەف و کەربەلاوە دەبینی و کوردیان کردبووە براگەورەو مەرجەع، بە شاهیدی ڕەمزە دیارەکانیان.

بۆیە حەق نییە شیعەی دەسەڵاتداری ئێستا، تریلیۆن دۆلارەکان و نەوت و کورسی حوکمڕانیی، ئاوی ناو مەتارەی ئەو زەمانەیان لەبیربەرێتەوە کە گەرویان پێ تەڕدەکردو ئەو ڕۆژانەیان بیربچێتەوە، گرنگە ئەم کەش و هەوا دینی و ئازادییە سیاسی و سەقامگیریە بپارێزن و ئاشووب و شەڕی تائیفی لەم سنوورە دووربخەنەوەو گەمارۆی ئابووری لەسەر هەرێم هەڵگرن، توندوتیژی و عونف و لوتبەرزی و تەعەجروف (حالة الإنكار السياسی) لەقازانجیان نیەو دەبێ بزانن بەدیلی حوکمڕانی شیعە لە عێراق کردەیەکی ئەوەندە سەخت نیەو کورد هێشتا ئەوەتا لەناو ستراتیژی دۆستایەتی ئەمریکیەکاندا.

ئینجا گرفتی گوتاری سائیدی کوردیش ئەوەیە هێشتا بە لۆژیکی قۆناغی بەرهەڵستکاری و سەردەمی مەزڵومیەت و ڕۆمانسیەتی ئەو سەردەمەی کۆنگرەی نیشتیمانی لە شیعە دەڕوانێت و ئەوەش ڕوانگەیەکی هەڵەیەو پێویستە پێداچوونەوە بکات و بۆ مۆدێلێکی نوێی شەراکەتی راستەقینە بگەڕێت.