سلێمانیی شارێکی ئیخوانیی
سه‌رده‌مێک سلێمانیی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانیی بوو، سه‌رده‌مێک سلێمانیی شاری رۆشنبیریی بوو، هه‌نووکه‌ش سلێمانیی شارێکی ئیخوانییه. ئیخوانیی ئه‌م شاره دیارده‌یه‌کی ئاشکرایه نه‌ک شاردراوه. ئیخوانیی ئه‌م شاره وا له که‌ڕاکته‌ری به‌شێکی گه‌وره‌ی دانیشتوانییدا. له‌مپه‌ڕی نه‌خوێنده‌وارییه‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی رۆشنبیر و خوێنده‌واری.
له‌مپه‌ڕی چه‌پیه‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی ئیسلامیی. من ناڵێم باوه‌ڕدار، چونکه چه‌مکی باوه‌ڕدار، چه‌مکێکی قووڵه و ناکرێت له مه‌به‌ستێکی وه‌هادا بچووکی بکه‌ینه‌وه. باوه‌ڕداریی پابه‌ند نییه به باوه‌ڕبوون به ئایینێکه‌وه، به‌ڵکوو باوه‌ڕداریی پابه‌نده به باوه‌ڕ به ژیانه‌وه، ژیانیش دیسان چه‌مکێکی قوڵه و جێگای هه‌موو شتی تێدا ده‌بێته‌وه، که ساده‌تریین شت تێیدا ئازادییه. باوه‌ڕداریی پابه‌نده به‌وه‌وه، که هه‌موو پێکه‌وه له په‌یوه‌ندییداین. هه‌موو پێکه‌وه، به واتای ته‌واوی گه‌ردوون له‌گه‌ڵ یه‌کدا له په‌یوه‌ندییدایه، ته‌واوی مرۆڤایه‌تیی له‌گه‌ڵ یه‌کدا له په‌یوه‌ندییدایه، هه‌روه‌کوو چلۆن ته‌واوی ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته له‌گه‌ڵ یه‌کدا له په‌یوه‌ندییدان، مرۆڤایه‌تییش ئاوها، گه‌ردوونیش ئاوها.
سه‌مای ئه‌و دوو گه‌نجه، خاوه‌نی هه‌ر ڕه‌گه‌زنامه و ڕه‌گه‌زێک بن، بانگه‌شه‌یه‌ک بوو بۆ جوانیی ژیان، دیارییه‌ک بوو بۆ شاری سلێمانیی، که ده‌بوایه به دڵ و به گیان و به ڕۆح وه‌ریانبگرتایه. به‌ریه‌ککه‌وتن تاوان نییه، به‌ڵکوو هه‌ڕه‌شه و خستنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن تاوانه. فرۆشتنی شار و گووند و خاکی کوردستان تاوانه. ڕووتبوونه‌وه تاوان نییه، به‌ڵکوو شاردنه‌وه تاوانه، شاردنه‌وه‌ی ڕاستیی، ئاخر شاردنه‌وه‌ی جه‌سته و ڕووخسار هیچ جیاوازییه‌کی نییه له‌گه‌ڵ شاردنه‌وه‌ی ڕاستییدا. به ڕووتیی له‌دایک ده‌بین و به ڕووتیی ده‌مرین. له ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌شدا بوونێک له گه‌ردووندا بوونی نییه وه‌ک له‌دایکبوون و مردن. بوونه‌کان هه‌میشه له‌وێدان، ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات بیانبینین پێدانی فیگوورێکه و هیچی تر. به ده‌ستی به‌تاڵ دێین و به ده‌ستی به‌تاڵ ده‌ڕۆینه‌وه، گاڵته‌جاڕییه‌کی ئێجگار گه‌وره‌یه، که پێمانوایه له‌نێوانی هاتن و ڕۆیشتندا خاوه‌نی موڵک و سه‌رمایه و ده‌سته‌ڵاتێکی گه‌وره بین.
کێ خاوه‌نی هه‌ژموونه له سلێمانییدا؟ ئه‌وه‌ی به ڕوون و ئاشکرا ده‌بینرێت، که کورد خۆی نییه، لێ که کورد خاوه‌نی هه‌ژموون نه‌بێت له سلێمانییدا، ئه‌ی کێ خاوه‌نی هه‌ژموونه؟ کێ له پشتی به ئیخوانکردنی سلێمانییه‌وه‌یه؟ کێ له پشتی کردنی سلێمانیی به نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لایه‌کی سوننییهوهیه؟ کێ ده‌یه‌وێت سلێمانیی بکاته پایته‌ختێکی ئایینیی؟ پرسیاری له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه، بۆچیی خه‌ڵکیی سلێمانیی په‌سه‌ندێتیی به‌م کاره ده‌ده‌ن؟ وه‌ڵام، چونکه مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی، که له سلێمانییدا ده‌ژیی، خه‌ڵکی سلێمانیی بێت. هیچ دوودڵیی تێدا نییه، که ئه‌گه‌ر سه‌رژمێری دانیشتوانی سلێمانیی بکه‌یت له ئێستادا، له سه‌دا پانزده‌ی هاووڵاتییان خه‌ڵکی سلێمانیی ده‌رده‌چن و ئه‌وی تری هه‌موو هاتوونه‌ته شاره‌که‌وه. پرسیار لێره‌دا دیسان ئه‌وه‌یه، که بۆچیی جیاوازیی له‌نێوان بوون و هاتوون بۆدا ده‌کرێت؟ وه‌ڵام، چونکه سلێمانیی وه‌ک بوون، وه‌ک خه‌ڵکی سلێمانیی خاوه‌نی کولتوورێکی خۆیه‌تی، ئه‌وه‌شی بۆی دێت، واتا له شوێنێکی تره‌وه ده‌گوێزێته‌وه بۆ سلێمانیی یان ئه‌وه‌تا ده‌بێته خاوه‌نی کولتووری شاره‌که یان ئه‌وه‌تا به کولتووری خۆی ده‌ژیی و له ئاینده‌شدا ئه‌م خودکولتوورییه به‌سه‌ر کولتووری سلێمانییدا زاڵ ده‌بێت و سلێمانیی ده‌کاته خاوه‌ن کولتوورێک نامۆ به سلێمانیی خۆی. ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌ی، که له چه‌ند ڕۆژی ڕابووردیشدا به‌رانبه‌ر ئه‌و دوو گه‌نجه سه‌ماکه‌ره بینیمان، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه، که هه‌نووکه له سلێمانییدا کولتوورێکی نامۆ زاڵه، که ئه‌ویش کولتوورێکی ئیخوانییه. چونکه مه‌لا و خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار پێکه‌وه دژ به‌م سه‌مایه هاتنه ده‌نگ.
سووکایه‌تیی به‌و کوڕه گه‌نجه عه‌ره‌به ده‌کرێت و پێیده‌ڵێین، بێ په‌روه‌رده؟ پرسیارێکی پێداگۆگییانه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که په‌روه‌رده چییه؟ داعشێک، ئه‌نسار ئیسلامێک، ئیخوانێک هه‌ریه‌که‌یان خاوه‌نی په‌روه‌رده‌یه‌کی تایبه‌تی خۆیانن، لێ هه‌موویان له ده‌وری یه‌ک بازنه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه. منداڵ فێری ئه‌وه ده‌بێت، که فێرده‌کرێت. نه‌ک خۆی بێت. خۆدۆزینه‌وه و ڕیالیزه‌کردنی خود، پرۆسه‌یه‌کی درێژخایانه. چیرۆکی مراوییه ناشیرینه‌که‌ی هۆ سی ئه‌نده‌رسن، ساده‌تریین نموونه‌ی ئه‌م ڕاستییه‌یه. لێ خاڵی گرنگ له ده‌روونناسییدا ئه‌وه‌یه، که منداڵیش سنوری خۆی هه‌یه، ڕۆژێک دادێت، ئه‌وه‌ی که فێری بووه ڕه‌تیده‌کاته‌وه و یاسایه‌کی تایبه‌تی تری ئیندیڤیدوێلی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت. ئه‌مه ڕه‌گی پته‌وی ئیندیڤیدوالیتێته. یان پیاگێت (Jan Piaget) ئه‌م خاڵه‌ی باش پێکاوه، که ده‌ڵێ، منداڵ له‌ژێر په‌روه‌رده‌دا ده‌بێته خاوه‌نی مۆڕاڵێک، که هی خۆی نییه، به‌ڵکوو سه‌پێنراوه به‌سه‌ریدا، لێ له ته‌مه‌نی سیانزه ساڵییدا ئه‌م مۆڕاڵه ده‌خاته ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه و پاشان مۆڕاڵێکی تایبه‌ت به خۆی به‌رهه‌مدێنێت. ئه‌و کچ و کوڕه گه‌نجه، ده‌شێت خاوه‌نی په‌روه‌رده‌یه‌ک بووبێتن، که بۆیان نه‌بووبێت خۆیان بن، لێ له ئاینده‌دا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان ده‌ستکه‌وتووه، که خۆیان بن. ئێستاش له ته‌مه‌نێکی گه‌ییوودا وه‌ک دوو گه‌نج، دیسان یاسایه‌کی ده‌ره‌کیی داوایان لێده‌کات، که خۆیان نه‌بن، به‌ڵکوو ئه‌وه بن، که داوایان لێده‌کرێت، ئه‌ویش به حه‌یا و حورمه‌تییه. من ده‌پرسم، که ئێستا کێ بێحورمه‌ته؟
کۆمه‌ڵێک که‌ڕاکته‌ری هێستریی، کۆمه‌ڵێک که‌ڕاکته‌ری سادیست به کۆمه‌ڵێک سیمپتۆمی پسیشۆزهوه چ چوون به گژ ئه‌و دوو گه‌نجه سه‌ماکه‌ره‌ی سلێمانییدا و چ چوون به گژ ئه‌و کچه گه‌نجه‌ی هه‌ولێردا، که باوه‌شی خۆڕایی ده‌دا.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، کێ هێشتا له خه‌می کولتووری کوردییدایه؟ کێ هێشتا کورده نه‌ک ئیسلام؟ چونکه ئیسلام بوون نه‌ته‌وه‌بوون نییه، به‌ڵکوو باوه‌ڕه. کێ ده‌یه‌وێت گه‌شه به کولتووری کوردیی بدات و ڕێگربێت له‌وه‌ی له کولتوورێکی داخراودا له‌ناوببرێت؟ کێ ده‌ڵێ، ئازادیی سێکسوال له کولتووری کوردییدا بوونی نییه؟ ئه‌ده‌بی کوردیی لێوان لێوه له قسه‌کردن له‌سه‌ر شه‌وڕاو. ئه‌وه‌شی خاوه‌نی کولتووری کوردییه ده‌زانێت شه‌وڕاو چییه. دواجار ده‌بێت وه‌ک هێمنی شاعیر بڵێین:
دێت و ڕاده‌برێ وه‌کوو سه‌روی ڕه‌وان من چیبکه‌م؟
که به قوربانی نه‌که‌م ڕۆحی ڕه‌وان من چیبکه‌م؟
قه‌دی ئه‌و شۆخه وه‌کوو دووخ و خه‌ده‌نگه ئه‌فسووس
پشته‌که‌م کۆمه وه‌کوو ماڵی که‌وان من چیبکه‌م؟
تازه هه‌نگاوی شلم کوانێ ده‌بێ بۆ شه‌وڕاو
جوانه زۆر جوانه به‌ڵێ ڕه‌وتی که‌وان من چیبکه‌م؟