دروستکردنی نەتەوە و گۆڕینی رژێمەکان کۆتاییهات

Kurd24

ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، قسەی جۆبایدنی سەرۆکی ئەمه‌ریکایە دوای کشانەوەی هێزەکانی وڵاته‌كه‌ی لە ئەفغانستان. پێشتر لە وتارێکی دیكه‌مدا نووسیبووم، سیاسەتکردن زۆرتر ئەزموونە، ئەمه‌ریکا لە ئەنجامی ئەزموونی بیست ساڵی رابردووی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی چووەتە ناویان، گەیشتووه‌تە ئەو بڕوایەی کە بە گۆڕینی رژێمەکان نەتەوە دروست نابێت، یان بە شێوازێکی دیكه‌ نەتەوە لە دەرەوە دروست ناکرێت. دروستبوونی نەتەوە پڕۆسەیەکی لەسەرخۆ و دوور و درێژە، پێویستی بە چەندین فاکتەرە، چونکە نەتەوە هەر ئەوە نییە تۆ خاوەن کۆمەڵێك جیاوازی بیت، ئەمە راستە لەرووی پێناسەی ئەتنییەوە، بەڵام لە رووی سیاسیەوە بە نەتەوە دانانرێت.

بەو خەڵکانە دەڵێن نەتەوە، کە جگە لە نیشتمانی خۆیان پابەندیی و وابەستەی و ئینتیمایان بۆ هیچ شتێکی تر نەبێت، یان روونتر نیشتمانی خۆیان لە خۆیان خۆشتر بوێت، هەرچی چاکەیە بۆ نیشتمانەکەیان بکەن. ئەو میللەتەی تەنها ناو حەوشەکەی بە خاکی خۆی بزانێت، ناتوانێت خاوەن نیشتمان بێت. ئەمه‌ریکا لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلاری لە ئەفغانستان خه‌رج کرد، حوکمێکی مەدەنیی بۆ دانان، ئازادی بۆ فەراهەم کردن، چەکی پێدان و سوپای بۆ دروست کردن، هەڵبژاردنی بۆ ئەنجامدان، پیاوێکی تەکنۆکرات و ئەکادیمیی کردە سەرۆکیان، چەندان جادە و نەخۆشخانە و قوتابخانەی بۆ دروست کردن، بەڵام نەیتوانی نەتەوەیان بۆ دروست بکات، بۆیە هەموو ئەو بارودۆخەی ئەفغانستان، بەرگەی هەفتەیەك شەڕی نەگرت و رووخا.

ئەم ئەزموونەی ئەفغانستان تا رادەیەك بۆ وڵاتێکی وەك عێراقیش راستە،  ئەمە سەد ساڵە عێراق کراوەتە وڵات، تاکو ئێستا نەتەوە دروست نەبووە، جگە لە کۆمەلێك خێڵ و تائیفەی دینی هیچی تر نییە، کە هەریەکەیان تەنیا خەمی خۆی و تایفە و خێڵەکەیەتی، ئەوەی بیری لێ ناکەنەوە خەمی نیشتمانە، سەرەڕای بوونی چەندین شاعیر و هونەرمەند و نووسەری گەورەی نیشتمانپەروەر لەو وڵاتە، بەڵام بۆ کێ بڵێن؟.

 ئەمە وەنەبێت حاڵی کوردستایش لەوان باشتر بێت ئەگەر خراپتر نەبێت. پێموایە کوردیش هێشتا هەر لە رووی ئەتنییەوە نەتەوەیە، لە رووی سیاسیەوە نا. هیچ نەتەوەیەك بەمانا نەتەوە راستەقینەکەی ئەگەر هەبێت، ناکرێت خەڵکێکی تر خاکەکەی داگیر بکەن، یان ژێردەستی خۆیانی بکەن بۆ ماوەیەکی زۆر، وەك ئێمە.

بەشێکی زۆری دروستبوونی نەتەوە ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتداریەکەیەتی. بنیاتنانی دەزگا نیشتمانییەکان ئەرکی حکومەتە بۆ پێگەیاندنی تاکی نیشتمانپەروەر، لەسەر حکومەتە زەمینەیەکی وا دروست بکات، کە هەر تاکێکی ئەو وڵاتە خۆی بەخاوەنی بزانێت،  هەروەها ئامرازەکانی خۆشەویستی نیشتمان بۆ گەنجەکان فەراهەم بکات. بەبێ دروست کردنی ئەم زەمینە و ئامرازەکانی، داواکردن لە گەنجان بۆ خۆشویستنی نیشتمانەکەیان، تەنیا کات بەفیڕۆدان و هەوڵێکی بێهودەیە.